بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران بەردەوامە

28-01-2024 11:43
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی

پەرەگراف

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆیش بە خۆپیشاندان ڕژانەوەسەر شەقامەکان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەرین، هاوکات لە بەشێک لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچانە مامۆستایان گەڕاونەتەوەو خوێندن دەستی پێکردووەتەوە.

خۆپیشاندەران سوورن لەسەر بەردەوامیی بایکۆت تا جێبەجێکردنی داواکانیان کە پەیوەندیی بە پارەوە هەیە و بریتین لە؛ دابەشکردنی مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێک و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەوەو دامەزراندنی وانەبێژان.

خۆپیشاندان و بایکۆت لە کاتێکدایە فشارەکانی دەسەڵات و داواکاریی کەسایەتییەکانی و کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوامن بۆ شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان لەپێناو نەفەوتاندنی ساڵێکی خوێندنی دەیان هەزار خوێندکاری ناوچەکانی بایکۆت، بەڵام بەشێک لە مامۆستاو فەرمانبەران داواکان ڕەت دەکەنەوە.

مامۆستایانی خۆپیشاندەر ئەمڕۆ لە هەڵەبجە بەدەم ڕێپێوانەوە گوتیان "بەهەڕەشەی دووبارە، بایکۆت ناشکێ ئەمجارە".

 هاوکات هەر ئەمڕۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند لە دژی پێنەدانی مووچەکانیان.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە سەرچاوەیەک لە هاتووچۆ بۆ پەرەگرافی ناردووە، بایکۆتەکە سەرجەم بەشەکانی گرتووەتەوەو دەرگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ داخراوەو مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی ناکرێت.

حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی پاشەکەوت کردووەو ئێستاش لە مانگی دوو نزیک دەبینەوەو هێشتا چارەنووسی دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە نادیارەو 47 ڕۆژە مووچە نەدراوە، دواین مووچە کە هی مانگی 9ی 2023 بوو لە 13-12-2023 دابەشکراوە.

ناوەڕاستی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق هاوشێوەی دامودەزگاكانی دیكەی وڵات، داوای ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی لە وەزارەتی دارایی هەرێم كرد، پاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی عێراق.

ئەو بڕە پارەیە هێشتا نەنێردراوەو بڕیارە ناردنی لە بەغداوە مانگانە بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت لە هەموارەكەدا پشكی مووچەی هەرێم بە ٦١٨ ملیار دیناری مانگانە دیاری بكرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو داتایانەی لەلای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و حكومەتی عێراقە.

ئامانج لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە كە یەكێكە لە داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم و دەیەوێت لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەوە، مووچە لە كێشەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغداد دوور بخاتەوە و مانگانە لەكاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت.

حكومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نارد، حكومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش كرد.