لە دهۆک 'دەیان کەس' بە گرێبەست وەک مامۆستا دادەمەزرێن

28-01-2024 05:47
خۆپیشاندانێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەڵەبجە بۆ دامەزراندنیان.

پەرەگراف

دەیان کەس لە دهۆک بە گرێبەست وەک مامۆستا دادەمەزرێن، ئەوەش نیگەرانیی مامۆستایانی وانەبێژی لێدەکەوێتەوە کە دوای چەندین ساڵ خزمەت و دەیان خۆپیشاندان و تەنانەت بایکۆتی خوێندنی ئەمساڵیش هێشتا نەگەیشتوون بە تاکە داواکارییەکەیان کە دامەزراندنە.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست پەرەگراف کەوتووە، پەروەردەی ئاکرێ ناوەڕاستی ئەم مانگە فەرمانی دامەزراندنی بۆ دوو دەرچووی بەشی ئینگلیزی دەرکردووە کە بە گرێبەست و بە مووچەی مانگانەی 500 هەزار دینار وەک مامۆستای ئامادەیی دامەزراون.

کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە پەرەگرافی وت "ئەو دوو کەسە بەدەر لە یاسا کراون بە گرێبەست، چونکە بەپێی یاسا دەبێت پێشتر وانەبێژییان کردبێت و بە رەسمی بێت نەک بە نهێنی، ئەمە لەکاتێکدایە لەسنوری پەروەردەی بەردەڕەش و ئاکرێ زۆرترین ژمارەی وانەبێژ هەن کە دەگەنە 2 هەزار 300 وانەبێژ".

نوێنەری وانەبێژان وتی "لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیم بە وەزیری پەروەردەوە کرد، بەڵام وەزیر وتی ئاگادارنیم"، کاروخ وتیشی "جگە لەو دوو کەسە بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکانی ئێمە، لەسەرەتای ئەم ساڵی خوێندنەوە تاوەکو ئێستا لەسنوری پەروەردەی ئاکرێ نزیکەی 60 کەسی تر کراون بە گرێبەست".

مامۆستایانی وانەبێژ بەشێکی سەرەکین لە بەرەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەمساڵیان بایکۆت کردو لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دوەمیشدا ئەوان بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندان و ئەمڕۆیش لەسەر شەقام بوون لەپێناو دامەزراندنیان کە تێیاندایە زیاتر لە دە ساڵە وانەبێژەو دانەمەزراوە.

رەشاد بشار محەمەد ماوەی حەوت ساڵە بەشی دەروون ناسی لە زانکۆی زاخۆ تەواو کردووەو 5 ساڵە مامۆستای وانەبێژە لەسنوری ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ و نیگەرانە لەوەی هێشتا بەگرێبەستیش دانەمەزراوە.

ئەو وانەبێژە بە پەرەگرافی وت "ئێمەی وانەبێژ هەر دەڵێین ئەم ساڵ یان ساڵێکی تر بەشکم خوایە ببین بەگرێبەست، بەڵام کاتێک هەندێک شت دەبینین رێک تەواو بێ هیوا دەبین، بەنموونە دامەزراندنی هەندێک کەس بەشێوەی گرێبەست ئەوە زۆر نیگەرانمان دەکات".

مامۆستا رەشاد وتیشی "ئاگادارم کە چەند کەسێک لەسنوری ئاکرێ بەشێوەی گرێبەست دامەزراون، لەکاتێکدا ئێمە چەندین ساڵە چاوەڕێین و ئەگەر دامەزراندنی ئەوکەسانە لەسەر بنەمای ئەوەبوایە کە خزمەتیان زیاترە ئەوا کێشە نەبوو، بەڵام هەیە هەر وانەبێژی نەکردوەو کراوە بە گرێبەست، ئەوە شکاندنی هیوای وانەبێژانەو ئەو خزمەتەی چەندین ساڵە دەیکەین هیچ حسابی بۆ ناکرێت و کەسێک کە واستەی هەیە یەکسەر دەکرێتە وانەبێژ ئەوەش گەورەترین نادادییە".

ئەو وانەبێژە وتیشی، داواکارییان ئەوەیە بەیەک چاوی سەیری وانەبێژان بکرێت، جیاوازی لەنێوانیاندا نەکرێت، "تاکەی مامۆستا لەسەر بنەمای واستە و واستەکاری دابنرێت، هیوادارین چیتر ئەوە دووبارە نەبێتەوە".

نزیکەی 36 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و مووچەیان بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.

وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارەو ئەگەر بکرێنە گرێبەست بڕی چوار ملیار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی لە ئێستادا وانەبێژان وەری دەگرن.