وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن ڕاگەیاند

28-01-2024 08:01
بینای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا(پەنتاگۆن)

پەرەگراف

لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆسەر بنکەیەکی سوپای ئەمەریکا لە ئوردن لە نزیک سنوری سوریا، سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و 25ی دیکەش برینداربوون، بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند "هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران کە لە عێراق و سوریان ئەنجامدراوە".

بایدن وتیشی "هەموو ئەوانەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، سزایان دەدەین".

ئەوە یەکەمجارە سەربازی ئەمەریکی بکوژرێت لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە.

هێرشە موشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا، لە 17ـی تشرینی یەكەمی 2023ـەوە دەستیپێكرد، دوابەدوای 10 رۆژ لە هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، كە هێشتا بەردەوامە.

گروپێك لە هێزی چەكدار بە ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، بەرپرسیارێتی هەموو هێرشەكان لە ئەستۆ دەگرن و بە ئاشكرا دژایەتی ئەمریكا رادەگەیەنن، بەهۆی پاڵپشتی ئیسرائیل و داوادەكەن هەرچی زووە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیاندا، عیراق بەجێبهێڵن.

هەندێكجار هەمان گروپ لە سوریاش بۆردومانی بارەگا و بنكەی ئەمریكا دەكات. ئەو گروپە هیچ لایەنێكی رەسمی لە عیراق خۆی بە خاوەنی ناكات.

لە ماوەی 90 رۆژی رابردودا، زیاتر لە 150 هێرش لە ڕێی درۆنی بۆمبڕێژكراو و موشەكەوە بە ناوی بارەگا و بنكەی ئەمریكاوە تۆماركراوە لە عێراق و سوریا.

شەڕی گروپەكانی نزیك لە ئێران لەگەڵ ئەمەریکا، هەر لە عیراق نییە، لە لوبنان و یەمەن بۆتە درێژكراوەی شەڕی غەززە و تا دێت زیاتر تەشەنە دەسەنێت.

ئەمریكا لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا، چەنجارێک هێرشی ئاسمانیی کردۆتەسەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە پێنج هێرشیان لەناو عێراق بووە و دواهەمینیان کردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلێک بوو لە نزیک بنکەی سەرەکی بزووتنەوەی نوجەبا کە نزیک وەزارەتی ناوخۆیە لە بەغداد.