فڕۆکەکانی تورکیا خانوویەکیان لە گوندێکی ماوەت خاپوور کرد

29-01-2024 02:11
وێنەی خانووە خاپوورکراوەکە

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا خانووی هاوڵاتییەکیان لە گوندێکی قەزای ماوەت بۆردومان کردو خاپووریان کرد، بۆردومانەکە زیانی گیانیی نەبووە.

کامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT)ـی ئەمریكی کە ڕێكخراوەکەیان چاودێری بۆردومانەكان و بارودۆخی خەڵكی ناوچەكانی شەڕ دەكات، ڕایگەیاند "کاتژمێر ١:٣٥ خولەکی ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بۆردوومانی خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنیان کرد لە باسکی قەلێ لە گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت و خانووەکە بە تەواوەتی خاپورکراوە".

"خانووەکە هی هاوڵاتییەکی مەدەنی گوندەکەیە بە ناوی (عەبدولقادر حوسێن تاڵە) لە کاتی بۆردوومانەکەدا، تەنیا یەک ئەندامی خێزانەکە لەگوندەکەدا بووە و ئەویش بە میوانی لەماڵی هاونیشتیمانییەکی تری گوندی گەڵاڵە بووە و تەواوی ئەندامانی تری خێزانەکە لە سلێمانی بوون" کامەران وادەڵێت.

بۆردومان و شەڕی توركیا چەندین ساڵە بە چڕی بەردەوامە بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک؛ ئێستا ئەو ئاڵۆزییە چەكدارییانە بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف تەنیا 10 بۆ 15 كیلۆمەتر لە ناوەندی شارەكانی ئامێدی و ناحیەكانیەوە دورن، لەوانە شیلادزێ و دێرەلوك و ئەوانی دیكە، لە كاتێكدا سەرەتا نزیكەی 30 كیلۆمەتر دوربون.

لە ساڵی 2023ـدا بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاەوە لانیكەم 10 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كوژراون و 12 هاوڵاتی دیكە برینداربون، كە چوار كوژراویان لە سنوری پارێزگای دهۆك بووە، بەپێی ئامارەكانی سی پی تی.