حکومەتی هەرێم لەسەر 'شەریف ناوەکەی لیستی مووچە' هاتە دەنگ

29-01-2024 04:04

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو شەریف ناوە هاتە دەنگ کە بووەتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەوترێت چەندجارێک ناوی دووبارە بووەتەوە لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمداو هۆکاری نەناردنی ٦١٨ ملیارەکەیە لەلایەن عێراقەوە، وتەبێژی حکومەت ئەو کەسانە بە موراهیقی سیاسی ناودەبات کە ئەو بابەتەیان کردووە بە پاساوی نە ناردنی پارە لە بەغداوە.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە وەڵامی پاساوەکانی نەناردنی مووچە لە بەغداوە ڕایگەیاند "ئایا کەس لیستی ئەو گروپە میلیشیایانەی لەلایە، کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟ ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق رابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە".

وتەبێژەکەی حکومەت دەشڵێت، لەکاتی درووستبوونی کێشەکانەوە لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێم و دەکرێت بە مەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، "لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە!".

پێشەوا هەورامانی لە چوار کەناڵی ڕاگەیاندنەوە ئەو زانیارییانەی گواستووەتەوە کە بڵاوکراونەتەوەو جەخت لە هەبوونی دەیان هەزار ناوی وەهمی لە لیستی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشین و مووچەخۆرانی عێراقدا دەکەن و بەهۆیانەوە سەدان ملیار دینار بە گەندەڵی و هەدەر دەڕوات.  

نزیکەی ٥٠ ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مووچە دابەش نەکراوەو حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی پاشەکەوت کردووەو ئێستاش لە مانگی دوو نزیک دەبینەوەو هێشتا چارەنووسی دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە نادیارە، ئەوەش حکومەتی ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشاری تووند کردووەتەوە.

هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەنێردراوەو وەزیری دارایی عێراق بەستویەتییەوە بە جێبەجێکردنی چەند مەرج و تێبینییەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە یەکێکیان هەبوونی ناوی دووبارەیە لە لیستی مووچەدا کە بۆ بەغداد نێردراوە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو پاساوە یەك لە دوای یەكانەی بۆ دواخستنی ناردنی مووچەی هەرێم دەهێنرێنەوە ئامانج لێیان برسیكردنی گەلی كوردستانەو "باسكردنی ئەو شەریف ناوە بابەتێكی گرنگی لەگەڵ خۆیدا جووڵاندووە، بەوەی داخوا چەند مووچەخۆری بندیوار و وەهمی لە عێراقدا هەن؟".

مەریوان قەرەنی هاوشێوەی پێشەوا هەورامانی وتەی چەند بەرپرسێکی باڵای عێراقیی دەهێنێتەوە کە باس لە هەبوونی سەدان هەزار بندیوار دەکەن کە مووچە وەردەگرن و دەڵێت "ئێستا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق خۆی دەزانێت چەند سەد هەزار شەریفی بندیوار لە لیستی مووچەی عێراقدا هەن، ئیتر بۆ بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگرێت؟!".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت "باشترین چارەسەر بۆ تەیف سامی تاوەكو بتوانێت شەریفە بندیوارەكانی نێو لیستی مووچەی عێراق بدۆزێتەوە ئەوەیە، سوود لە ئەزموونی پڕۆسەی بایۆمەتریی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەویش ئەگەر بوێرێت داوای ناو و ژمارەی لیستی مووچەخۆرانی (دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكانی عێراق، حەشدی شەعبی، وەقفی سوننی و زۆر جێگەی دیكەش) بكات!".