ئەپیكۆر بۆ ئەمریكا: هانی عێراق بدەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی ‏هەرێم

30-01-2024 11:42

پەرەگراف

كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی كوردستان داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەكەن ‏بەر لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی، هەنگاوی دەستبەجێ‌ ‏بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بنێت و محەمەد شیاع سوودانی ‏‏"ناچار" بكەن بەوەی ڕێگە بە كۆمپانیا نەوتییەكان بدات "ئازادانە نەوت ‏بەرهەمبهێنن و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن".‏

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) كە لەو كۆمپانیا بیانییانە پێك ‏دێت لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت ‏‏"وەستانی هەناردەكردنەوەی نەوت بۆ ماوەی زیاتر لە 10 مانگ و كێشەی ‏نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراقدا و ‏چارەسەرنەكردنی پرسی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت، ‏هەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی دارایی كردووەتەوە".‏

ئەپیكۆر، هەرێمی كوردستان بە "هاوپەیمانێكی ئەمنیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاستدا" ناو دەبات و ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمریكا و لایەنە ‏نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بە بەهای "10 ملیار دۆلار" وەبەرهێنایان ‏لە هەرێم هەیە و "پێویستە هەنگاو بۆ پاراستنی ئەو وەبەرهێنانە بگرێتەبەر".‏

‏"داوای یارمەتیی بەپەلەتان لێ دەكەین كە هانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بدەن ‏دەستبەجێ‌ كێشەی وەستانی هەناردەكردنی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی ‏ڕۆژانەی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان چارەسەر بكات"، كۆمەڵەی ‏پیشەسازیی نەوتی كوردستان ڕوو لە كۆنگرێسی ئەمریكا وا دەڵێت.‏

هەروەها كۆمەڵەكە ئاماژەی بە بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق لەلایەن كۆشكی سپییەوە كردووە بۆ سەردانی واشنتن و لە ‏پەیامێكدا بۆ كۆنگرێس دەڵێت "داواتان لێ دەكەین ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق ناچار بكەن ڕێگە بە كۆمپانیا نەوتییە ئەمریكییەكان و ‏ئەندامانی دیكەی كۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی كوردستان بدات ئازادانە نەوت ‏بەرهەمبهێنن و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن".‏

‏"حكومەتی عێراق دەبێت بەپەلە دوو كێشە چارەسەر بكات: پشكی هەرێمی ‏كوردستان لە بودجەی عێراق بدات، كە پێویستە بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمریكی و ‏ڕۆژئاواییەكان دەست بە كارەكانیان بكەنەوە. شایستەی دارایی پێشوو و داهاتووی ‏كۆمپانیاكان لە بەرامبەر هەناردەكردنی نەوت بەپێی گرێبەستەكانیان گەرەنتی ‏بكات"، ئەپیكۆر وا دەڵێت.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ‏ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە ڕاگیرا و هەرچەندە توركیا ئامادەیی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی ‏هەرێم و بەغداوە تا ئێستا دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە.‏

ناكۆكییەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانن، بە تایبەتیش بڕی ‏تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.‏