
پەرەگراف
تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، بەوەش کۆی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە لە ھەرێم گەیشتە ٢٩ کەس.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی، ئەو تووشبووەی گیانی لەدەستداوە ژنێکی تەمەن ٦٧ ساڵەو لەو نەخۆشانە بووە کە چەند ڕۆژێکە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".
زۆرترین ڕێژەی تووشبوونو مردن بە ڤایرۆسەكە لە سلێمانی بووە، لە كۆی ٢٩ حاڵەتی مردن لە هەرێم، ٢٥یان لە سلێمانیو 4یان لە هەولێر بووە، هەروەها لە كۆی تووشبووانی هەرێم كە ١٤٦٦ تووشبوون، زیاتر لە نیوەیان لە سلێمانی تۆمار كراون.
سلێمانی سنورێكی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیەو چەند دەروازەیەكی فەرمییو نافەرمی لە نێوانیاندا هەیە، ئەو وڵاتەش ڕێژەیەكی بەرزی مردنو تووشبوونی بە ڤایرۆسەكەی تێدایە.
لەبارەی ڕازیبوونی تەندروستیی لە دۆخی دەروازە سنورییەكانو هاتووچۆی خەڵك، د. هێرش وتی "ئێمە چاودێریی دەكەین، جارێكی دیكە پێداچوونەوەمان كردووەو تیمەكانمان ڕێكخستووەتەوە، تێبینی دەكەین بزانین ئایا گۆڕانكاریی بەسەر دەروازە سنورییەكاندا دێت یاخود نا، ئەگەر نەیەت ئەوە هۆشداریی دەدەینو لایەنی بەرپرس ئاگادار دەكەینەوە".
تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی بەسەر 6 شوێندا دابەشكراون، دوو شوێنیان ئوتێلن ئەو كەسانەی تێدایە كە تەنها نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە، چوار شوێنەكەی دیكەش نەخۆشخانەكاننو ئەوانەی تێدایە كە نەخۆشیی كۆرۆنایان هەیەو لە ئێستادا دەوروبەری 15 نەخۆش لە دۆخێكی خراپدان.
تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.