حکومەتی هەرێم بۆ ڕاوێژکارێکی سوودانی: دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن کەس و برسی دەکرێن

30-01-2024 02:34

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە وەڵامی ڕاوێژکارێکی سوودانی دا دەڵێت، دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن کەس و برسی دەکرێن و ٥٥ ماددەی دەستووری بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان پێشێل کراون.

ئەو وتانەی پێشەوا هەورامانی وەڵامە بۆ ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە داوای لە هەرێمی کوردستان کرد واز لە کاری دیبلۆماسی و نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە بهێنێت و ئەو کارە بە عێراق بسپێرێت و لەسەر پرسەکانی دیکە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوێت.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت "ڕاوێژکارێکی بەڕێز سودانی پەیامێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووەو دەڵیت ئێوە واز لە دیبلۆماسییەت بهێنن و خەریکی مووچەبن! پرسیارەکە ئەمەیە، سەرەڕای ئەوەی بە نادەستووری دەستخراوەتە قوڕگی حەوت ملیۆن کەس و برسی دەکرێن و پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل کراون، بەڵام ئەم بەڕێزە دڵی لای ئەوەیە کە نابێت هەرێم جوڵەی دیبلۆماسی هەبێت".

وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم دەشڵێت "پێویستە هاوڵاتیان لە سەرانسەی عێراق بزانن کە ئەوانەی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەخۆرەکانی ڕاگرتووە، کەسانی وەک ئەو ڕاوێژکارەن کە تا سەر ئێسقان بەو عەقڵییەتە شۆڤێنییە پێداگیری لە سەر برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن".

‏‎"ئێمە دڵنیاین کەسانی هاوشێوە و خاوەن ئەم بیر و هزرە کۆسپن لەبەردەم نزیکبوونەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، هەروەها ڕاوێژکاری هاوشێوەن کە دەیانەوێت لەمپەر بخەنە بەردەم هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم" پێشەوا هەورامانی وادەڵێت.

وەڵامەکەی حکومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت، دوێنێ زیا ناسری، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند "بە پێی ماددەی (110) لە دەستووری عێراق، سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی، تەنها تایبەتە بە حکومەتی فیدراڵی، هەرێمەکان مافی ئەو پێشێلکارییەیان نییە، بۆیە داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی کێشە ژیان و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی هەرێم و بابەتی نوێنەرایەتی دەرەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی وازلێبهێنێت".

جەوهەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد بودجەو سەربەخۆیی ئابوری و دۆسیەی دەرهێنان و هەناردەی نەوتە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە هەرێم سەندراوەتەوەو دراوەتە دەست بەغداد، هەربەهۆی ئەو کێشانەوە لە ٢٥-٣-٢٠٢٣وە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوەو زیانی ملیاران دۆلار بە ئابوری هەرێم و عێراق گەیشتووەو حکومەتی هەرێمی خستووەتە قەیرانێکی سەختی دارایی و توانای پێدانی مووچەی نییە. 

نزیکەی ٥٠ ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مووچە دابەش نەکراوەو حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی پاشەکەوت کردووەو ئێستاش لە مانگی دوو نزیک دەبینەوەو هێشتا چارەنووسی دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە نادیارە، ئەوەش حکومەتی ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشاری تووند کردووەتەوە.

هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجە، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەنێردراوەو وەزیری دارایی عێراق بەستویەتییەوە بە جێبەجێکردنی چەند مەرج و تێبینییەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوێنێ وتی، لەکاتی درووستبوونی کێشەکانەوە لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێم و دەکرێت بە مەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، "لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە!".