مامۆستایان بۆ کڕینی نان دەغیلەی منداڵەکانیان دەشکێنن

30-01-2024 06:17
دەغیلەی منداڵی مامۆستایەک لە دهۆک کە باوکی شکاندوویەتی بۆ کڕینی نان و وێنەکەی بۆ نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ناردووە

پەرەگراف

بێمووچەیی و خراپی گوزەرانی ژیان مامۆستاو فەرمانبەران ناچار دەکات دەست بۆ دەغیلەی منداڵەکانیان ببەن و لە دهۆک چەندین مامۆستا بە پارەی دەغیلەی منداڵەکانیان نان دەکڕن، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، چەندین نامەی لەبارەی خراپیی دۆخەکە لە مامۆستایانەوە بۆ نێردراوەو دەیباتە دادگای فیدراڵی.

بەدەل بەرواری، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە دهۆک بە پەرەگرافی وت "سەرەتای ئەم هەفتەیە خانمە مامۆستایەکی ناوەندی دهۆک نامەی بۆ ناردم و وتی هەزار دیناری پێبووە تا نان بکڕێت بۆیە بە ناچاری دەغیلەی منداڵەکەی شکاندوە، داواشی کرد نامەکە وەک خۆی بڵاو بکرێتەوە تا هەموو کەس بزانێت دۆخی مامۆستایان یەکجار خراپە".

بەدەل بەرواری چیرۆکی ئەو خانمە مامۆستایەی گێڕایەوە کە هاوکات هاوسەرەکەشی مامۆستایەو وتی، "ئەگەر بەهەردووکیان هەزار دینار یان هەبێت ئەمە چی پێی دەوترێت؟ لەوانەیە هەر کارێک دەست پیاوەکەی بکەوێت بیکات تەنها بۆ ئەوەی شەرمەزاری منداڵەکانی خۆی نەبێت".

نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە دهۆک وتیشی "مامۆستا هەیە سێ بۆ چوار مانگە کرێی خانوو یان شوقەی نەداوە، چەندین مامۆستای دیکەش نامەیان بۆ ناردوەو باس لە خراپی دۆخ و گوزەرانیان دەکەن".

مامۆستاو فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەدانی مووچەکانیان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کردووەو بڕیارە ١٨ی مانگی داهاتوو دادگا بڕیاری کۆتایی لە سکاڵاکەیان بدات، بەدەل بەرواری دەڵێت، بە ئەمانەتەوە نامەکانی مامۆستایان دەداتە دادگاکە تا بزانن دۆخیان چەند خراپە.

هەرچەندە لە پارێزگای دهۆک بایکۆتی خوێندن نییە و مامۆستایان دەوام دەکەن، بەڵام زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە موچەیان وەرنەگرتووەو، جگە لەوەی سێ موچەی کۆتایی ساڵی ڕابردویان پاشەکەوت کراوە، مانگێکی ساڵی نوێش تێپەڕیوە و هێشتا دیار نییە کەی موچە وەردەگرن.

رێبەر ئیمینکی، مامۆستایە لە خوێندنگەی گۆمڵ لە ناوەندی شاری دهۆک، بە پەرەگرافی وت "دەمێکە دەغیلەی منداڵەکانم شکاندوە، چەند رۆژێک لەمەوبەریش چومە بازاڕ تا ژمارە مۆبایلەکەم بفرۆشم و پێداویستی ماڵ و تێچووی منداڵەکانم دابین بکەم".

مامۆستا ڕێبەر وتیشی "لەم رۆژانەدا نزیکەی 10 مامۆستا لە خوێندنگا دانیشتبووین بە هەموومان 5 هەزار دینارمان پێ نەبوو، نەک تەنها مامۆستا، فەرمانبەرانی تریش بەهەمانشێوە دۆخی ژیانیان زۆر خراپە".

بۆدابەشکردنی مووچە حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی ناردنی پارەیە لە بەغداوە، هەرچەندە عێراق بڕیاری داوە بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام هێشتا وادەی گەیشتنی ئەو پارەیە نادیارە.