بەرەی بایكۆت لە فراوانبووندایە؛ تەندروستكاران و فەرمانبەران دەچنە پاڵ مامۆستایان

31-01-2024 03:18
گربوونەوەی كارمەندانی تەندروستی لە ‏ئیدارەی ڕاپەڕین

پەرەگراف

مامۆستایانی ناڕازی لە ئیدارەی گەرمیان و كارمەندانی تەندروستی لە ‏ئیدارەی ڕاپەڕین دژی دواكەوتنی مووچە گربوونەوەیان ئەنجام دا. لقی ‏سلێمانیی كارمەندانی تەندروستیش هەڕەشەی بایكۆتی گشتی دەكات.‏

ئەمە لە كاتێكدایە كە 48 ڕۆژە مووچە دابەش نەكراو و چەند ڕۆژێكە ‏بەرەی بایكۆت و ناڕازی لە فراوانبووندایە، فەرمانبەرانی چەندین ‏فەرمانگە و دامودەزگای حكومەت چوونە پاڵ مامۆستایان و بایكۆتیان ‏ڕاگەیاندووە.‏

لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان، مامۆستایانی ناڕازیی ‏كەلار و كفری بۆ چەندەمین جار گردبوونەوەیان ئەنجام دا و جەختیان لە ‏بەردەوامیی بایكۆت تا پێدانی مافەكانیان كردەوە.‏

یەكێك لە مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان دەڵێت "لە ساڵی 2014ـەوە ‏حكومەتی هەرێم ستەم لە ئێمە دەكات و چەندین مووچەی خواردووین، ‏پلەبەرزكردنەوەی ڕاگرتووە".‏

مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان ڕایانگەیاند تا داواكارییەكانیان كە پەیوەستە ‏بە مووچەوە جێبەجێ‌ نەكرێن، بایكۆت ناشكێنن.‏

لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ڕاپەڕینیش كارمەندانی ‏تەندروستیی دەڤەرەكە گربوونەوەیەكی فروانیان دژی دواكەوتنی مووچە ‏ئەنجام دا.‏

كارمەندانی تەندروستیی ڕاپەڕین هەڕەشەی بایكۆتیان كرد ئەگەر بەزوویی ‏مووچەیان پێ‌ نەدرێت.‏

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ لقی سلێمانیی سەندیكای تەندروستكارانی ‏كوردستان هۆشداریی دا كە ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا مووچە دابەش ‏نەكرێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بایكۆتی گشتی ڕادەگەیەنن.‏

سەندیكاكە دەڵێت "توانای بەرگەگرتنی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت و ‏ناچار دەبین ئەم سێكتەرە گرنگ و هەستیارە جێبهێلین، بەرپرسیارێتیی ‏هەر ڕووداوێكی نەخوارزراویش دەخەینە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و ‏وەزارەتی تەندروستی".‏

حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ‌ مووچەی كۆتای ساڵی ڕابردوو و ‏مووچەی یەكەم مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران قەرزارە. ئەمڕۆی كە كۆتا ‏ڕۆژی مانگی یەكە، 48 ڕۆژ لەمەوبەر و لە 13-12-2023 دەست بە ‏دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی 2023 كراوە.‏

بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، لە سلێمانی زۆرینەی فەرمانبەرانی ژمارەیەك ‏فەرمانگە بایكۆتیان ڕاگەیاندووە، لەوانە: دادنووس، بەڕێوەبەرایەتیی ‏كارەبا. لە چەمچەماڵیش فەرمانبەرانی زانكۆی چەرمۆ، هەروەها لە ‏هەڵەبجە فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی زانكۆ، دادنووس، بەشی كوتان لە ‏نەخۆشخانەی منداڵان و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری بایكۆتیان كردووە.‏

وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕوانی ئەو 618 ملیار ‏دینارەیە كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری ناردنی ‏دراوە، بەڵام تا ئێستا وادەی ناردنی دیار نییە و وەزارەتی دارایی عێراق ‏دەستی دەستیی پێ‌ دەكات.‏