سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم: هێشتا ٦١٨ ملیارەکە نەگەیشتووە

31-01-2024 04:39

پەرەگراف

بەرەی بایکۆت بۆ مووچە لە فراوانبووندایەو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: تا ئەمڕۆیش ٦١٨ ملیار دینارەکە لە بەغداوە نەگەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە.

هەرچەندە ئەمڕۆ زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەواڵی گەیشتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەیان بڵاوکردەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی ‏ڕاگەیاند "هەواڵی گەیشتنی 618 ملیار دینارەكە ڕاست نییە و تا ئەمڕۆیش پارەكە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی "چاوەڕێین سبەینێ پارەکە بگات"، لەگەڵ گەیشتنیدا ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەندرێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە 48 ڕۆژە مووچە دابەش نەكراو و چەند ڕۆژێكە ‏بەرەی بایكۆت و ناڕازی لە فراوانبووندایە، فەرمانبەرانی چەندین ‏فەرمانگە و دامودەزگای حكومەت چوونەتە پاڵ مامۆستایان و بایكۆتیان ‏ڕاگەیاندووە.‏

ئەمڕۆیش لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان، مامۆستایانی ناڕازیی ‏كەلار و كفری بۆ چەندەمین جار گردبوونەوەیان ئەنجام دا و جەختیان لە ‏بەردەوامیی بایكۆت کردەوە تا داواكارییەكانیان كە پەیوەستە ‏بە مووچەوە جێبەجێ‌ دەكرێن.

هاوکات لە ڕانیە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین كارمەندانی ‏تەندروستیی دەڤەرەكە گربوونەوەیەكی فروانیان دژی دواكەوتنی مووچە ‏ئەنجام دا و هەڕەشەی بایكۆتیان كرد ئەگەر بەزوویی ‏مووچەیان پێ‌ نەدرێت.‏

لقی سلێمانی سەندیكای تەندروستكارانی ‏كوردستانیش هۆشداریی دا كە ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا مووچە دابەش ‏نەكرێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بایكۆتی گشتی ڕادەگەیەنن.‏

سەندیكاكە دەڵێت "توانای بەرگەگرتنی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت و ‏ناچار دەبین ئەو سێكتەرە گرنگ و هەستیارە جێبهێڵن، بەرپرسیارێتیی ‏هەر ڕووداوێكی نەخوارزراویش دەخەینە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و ‏وەزارەتی تەندروستی".

حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردووی پاشەکەوت کردو تائێستاش ‏مووچەی یەكەم مانگی ئەمساڵی نەداوە، 48 ڕۆژ لەمەوبەر و لە 13-12-2023 دەست بە ‏دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی 2023 كرا.‏

قەیرانی مووچە حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندو گوشاری مووچەخۆران کردووەتەوەو، بێمووچەیی و خراپی گوزەرانی ژیان مامۆستاو فەرمانبەرانی تەواو نیگەران کردووەو بازاڕیش بەوهۆیەوە سست بووە.