كۆمیسیۆن لەدایكبووانی 2006 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار دەكات

31-01-2024 10:14

پەرەگراف

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ‏كۆمیسیۆن سبەینێ‌ دەست بە پرۆسەی تۆماری بایۆمتری بۆ دەنگدەران دەكان. ‏سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەڵێت "بەمنزیكانە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت".‏

ئۆفیسی پارێزگای سلێمانیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ‏ڕایگەیاند "سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 1-2-2024، پرۆسەی تۆماری ‏بایۆمتری بە ڕووی دەنگدەرەكانی واڵا دەكات و تاوەكو 20-2-2024 كە ماوەی ‏‏20 ڕۆژ دەكات، بەردەوام دەبێت".‏

پرۆسەكە بۆ تۆماركردنی لەدایكبووانی (۲۰۰٦) و هەموو ئەو دەنگدەرانەیە كە ‏پێشتر خۆیان بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارنەكردووە. ئەو كەسانەی پرۆسەكە ‏دەیانگرێتەوە، دەتوانن سەردانی یەكێك لە ناوەندەكانی تۆماركردن بكەن بە ‏مەبەستی تۆماركردنیان و دروستكردنی كارتی دەنگدانی بایۆمەتری بۆیان‎.‎

ئۆفیسی پارێزگای سلێمانیی كۆمسیۆن دەڵێت "پێداویستییەكانی پڕۆسەكە بریتین ‏لە: ١‏‎-‎‏ كارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، ٢‏‎-‎‏ كۆبوونی ‏خۆراك، ٣‏‎-‎‏ بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون".‏

هەر ئەمڕۆ، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بۆ ‏ژمارەیەك لە میدیاكان دوا و جەختی كردەوە كە "لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكی ‏هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات".‏

دڵشاد شەهاب وتیشی "لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە پەیوەندیی ‏بەردەوامداین و ئەوان خشتەیەكیان ئامادە كردووە. ئەو پێداویستییانەیان كە ‏لەسەر حكومەتی فیدراڵی بووە، بۆیان فەراهەم كراوە، كۆمەڵێك پێداویستیشیان لە ‏سەرۆكارەتیی هەرێم داوا كردبوو، ئەوانەشیان بۆ ئامادە كراوە".‏

چاوەڕوان دەكرێت پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر ‏یاسای هەڵبژاردن، سەرۆكی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری ‏بكات.‏

ڕۆژی 21-1-2024، دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵاكەوە كۆبووەوە و لە كۆتاییدا ‏سەرۆكی دادگاكە ڕایگەیاند "هیچ شتێك لەسەر سكاڵاكە نەماوە كە بگوترێت و ‏ڕۆژی 4-2-2024 دادگا بڕیار لەبارەی سكاڵاكەوە دەدات‎".‎

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏تۆمار كراوە كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، ‏بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران. لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی ‏فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی ‏پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج ‏نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی ‏یەكخستووە‎.‎

دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە 11 كورسیی ‏پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە ‏پارتی، داوای ‏دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.‏

لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی ‏هەڵبژاردنی ‏عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ‏دابەشكردنی كورسیی ‏پێكهاتەكان.‏

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی ‏كوردستان ‏بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و ‏كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ‏ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ ‏كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ ‏سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ ‏دهۆك دیاری بكرێت.‏

‏١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە ‏جۆرێك؛ ٤ ‏كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری ‏و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان ‏شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان ‏و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، ‏دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ ‏دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ‏ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ‏ئەرمەنەكان.‏

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، بڕیارە بەم ‏نزیكانە چوارەم وادە بۆ بەڕێوەچوونی دیاری بكرێت‎.‎

ڕۆژی 16-1-2024 شاندی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ ‏سەرۆكایەتیی هەرێم كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان‎.‎

پاش كۆبوونەوەكە، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای ‏پرسوڕا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە ‏وادەیەكی نوێ‌ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن‎.‎

سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ڕایگەیاند "خۆمان بۆ هەموو ‏ئەگەرەكان بە یەك بازنەیی و فرەبازنەیییەوە ئامادە كردووە و بە باشی بۆ ‏بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە ئامادەین‎".‎

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی لەناوخۆیدا تاوتوێ‌ كردووە، كە ‏ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بخرێتە 30-5-2024، ‏چاوەڕوان دەكرێت پێشنیازەكە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم كرابێت بۆ ‏پەسەندكردن، ئەوە لەكاتێكدایە ١-٧-٢٠٢٤ تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراق كۆتایی دێت و دەبێت ‏بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏ئەنجام بدات‎.‎

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و ‏سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا ‏نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی ‏هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ‏ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن بە تایبەت ‏لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە ‏لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی ‏یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە‎.‎

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی ‏دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و ‏بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی ‏سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، ‏چارەسەر بكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان ‏لە ‏پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، ‏بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای ‏هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر ‏بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی ‏كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.‏

پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو ‏پرسەی بردە ‏دادگای فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و ‏پێی وایە چەند ماددەیەكی ‏‏"پێچەوانەی دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش ‏كورسیی پێكهاتەكانە.‏

ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە ‏بەڕێوە چوو، زیاد ‏جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە ‏لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە ‏مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ‏ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری ‏یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ‏ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و ‏یاسا".‏

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی ‏كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا ‏تانەیان لە ماددە ‏هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا ‏هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و ‏یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎‏.‏

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە ‏دوو خاڵ ‏دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ ‏نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ‏پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی ‏كوردستان كە پێكهاتە هەیە، ‏نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".‏

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی ‏پێكهاتەی ‏توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە ‏سكاڵاكەی لە دادگای ‏فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.‏

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت ‏و ‏ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی ‏كورسییەكانی ‏پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك ‏نوێنەرێكی لە ‏پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ‏ڕێكخستنە".‏

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و ‏تۆماری ‏دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی ‏پێنجەمی پەرلەمان ‏ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ‏درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ‏ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ‌ هاتووە".‏

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات ‏هەرێمی ‏كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای ‏هەڵبژاردن بەو ‏شێوەیە بووە.‏

ڕۆژی 24-10-2023، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی ‏كۆمەڵگەی ‏مەدەنیی توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و ‏نوێنەری ‏نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن ‏‏"كۆبوونەوەكە بۆ ‏پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی نەتەوەیی ‏توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" ‏بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، ‏تێیدا ‏‏دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و ‏دەڵێن "‏ڕێژەیەكی ‏زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای ‏هەولێرن، كارێكی ‏هەڵەیە ‏بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان ‏لە پارێزگاكانی تر، ‏كورسیی كۆتای ‏توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی ‏هاووڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ ‏بكرێت".‏

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏‏‏پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە ‏‏‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی ‏كۆتای ‏‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ‏ناسنامە و ‏‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏