بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە هەرێم دەكات؛ باران و بەفربارین بەردەوام دەبێت

01-02-2024 01:07

پەرەگراف

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و شەپۆلی باران و بەرفربارین بەردەوام دەبێت. پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەكان و سنوورییەكان بۆ "سفر پلەی سیلیزی" دادەبەزێت.

كەشناسی دەڵێت "بارستە هەوا ساردەكە ئەمشەو ڕوو لە ناوچەكەمان دەكات و كاریگەرییەكەی چەند ڕۆژێك دەمێنێتەوە، پلەكانی گەرما بە نزیكەی (4-6) پلەی سیلیزی دادەبەزێت".

بەپێی پێشبینییەكان، لەگەڵ هاتنی ئەو بارستە هەوا ساردەدا "باران و بەفربارین سەرجەمی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان و ناوچە شاخاوییەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێم و بەشێك لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای سلێمانی لە كاتەكانی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەگرێتەوە".

هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێر "ئەگەری نمەباران و ناوچە شاخاوییەكانی بەفربارینی دەبێت". كەشناسی دەشڵێت "لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، ئەگەری بەفربارینی كەمی هەیە".

پێشبینی دەكرێت "ڕێژەی دابارین لە سنووری پاریزگای سلێمانی زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەكانی تر".

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ سبەینێ‌:

هەولێر : 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 7 پلەی سیلیزی
دهۆك : 9 پلەی سیلیزی
كەركووك : 9 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 5 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 9 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -5پلەی سیلیزی
سۆران : 3 پلەی سیلیزی