تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

10-06-2020 12:35

پەرەگراف

ئەمڕۆ تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، بەوەش کۆی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە لە ھەرێم گەیشتە ٣٠ کەس.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی، ئەو تووشبووەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵەو لەو نەخۆشانە بووە کە چەند ڕۆژێکە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".

زۆرترین ڕێژەی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە سلێمانی بووە، لە كۆی ٣٠ حاڵەتی مردن لە هەرێم، ٢٦یان لە سلێمانی‌و 4یان لە هەولێر بووە، هەروەها لە كۆی تووشبووانی هەرێم كە ١٤٦٦ تووشبوون، زیاتر لە نیوەیان لە سلێمانی تۆمار كراون.

تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.