نەوەی نوێ: واژۆی 81 پەرلەمانتارمان کۆکردەوەو داوا لە سوودانی دەکەین ڕاستەوخۆ مووچەی هەرێم بدات

02-02-2024 02:23

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، واژۆی 81 پەرلەمانتاریان کۆکردووەتەوە بۆ پشتیوانی نووسراوێکیان کە تێیدا داوا دەکەن نووسراوێکی پێشتری محەمەد شیاع سوودانی جێبەجێ بکرێت بۆ پێدانی مووچەی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە.

نووسراوەکەی نەوەی نوێ پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتوو واژۆیان کردووەو پشتیوانی دەکەن، بەڵام واژۆی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لەسەر نییە.

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوەکەو واژۆکانی بڵاوکردەوەو دەڵێت: "٨١ واژۆی پەرلەمانتارانی عێراقمان کۆکردەوە بۆ دەست بە جێبەجێکردنی نوسراوەکەی سودانی.

بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە بەغداد لە ناو ئەنجومەنی وەزیرانن و دەیان پۆستیان بە دەستەوەیە لە سەرۆک کۆمار تا وەزیر و جێگری سەرۆک پەرلەمان، ئەمانە گەر هیچیان پێ ناکرێت بۆ موچەی خەڵک ئەوا چی دەکەن لە بەغداد؟ بە چ رویەکەوە لەوێن؟

نەوەی نوێ لەماوەی دوو ساڵی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ٩ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ دا یەکەم کۆبونەوەی ئەنجامدا، لەم ماوەدا هەر وەک چۆن بەڵێنمان بەخەڵکی هەرێمی کوردستان دابوو کە بێ دەنگ نەبین لەسەر مافەکانیان و بەردەوام داکۆکی بکەین لە ماف و داواکاریەکانی هاوڵاتیانی ئازیز، جارێکی کە دوێنێ واژووی ئەندام پەرلەمانانمان کۆ کردەوە بۆ خێرا جێ بەجێ کردنی ئەو نوسراوەی سەرۆک وەزیران کە دوای نوسراوی ئێمە لە ٢ی مانگی ١٠ی  ٢٠٢٣ ئاڕاستەمان کردبوو وەسەرۆکی جوڵانەوەکە گەیاندیە دەست سەرۆک وەزیران، تەئکیدمان کردەوە کە دەبێت بەزووترین کات هەردوو وەزارەتی دارای ئیتیحادی و هەرێم ڕابسپێرێت کە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمیش مامەڵەی فەرمانبەرانی دیکەی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی بۆ بکرێت و راستەوخۆ هەموو سەری مانگێک موچەکانیان وەربگرن.

تا نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نەبوو ئەوانەی ئێستا موزایەدە دەکەن هەر لەم پەرلەمانە بوون هیچیشمان نەبینی بیکەن بۆ خەڵک، نەوەی نوێ ڕێگای دادگای فیدراڵی گرتە بەر و لەسەردەمی حکومەتەکەی کازمیشەوە لە هەوڵی بەدەست هێنانی مافە خوراوەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان بووە، هەر لە بابەتی نەوت و بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەو تەرخانکردنی بووجە بۆ بەنداوی دەڵگە لە دەڤەری ڕاپەرینی خۆشەویست و هێنانی دەرمان بۆ سلێمانی و هەولێر.

دڵنیابن درێغی ناکەین و هەمیشە لە خەمی داواکاریەکانی هاوڵاتییان دەبین. وە جارێکی تر بە بیری هەمو لایەکی دەهێنینەوە کە تاکە لایەن بوین وەزارەت و پۆست و بەرژەوەندیمان رەت کردەوە، چونکە ئیشی ئێمە خزمەتی خەڵکە نەک خزمەتی خۆمان".