فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەڵێت: زیاتر لە 85 ئامانجمان لە سوریاو عێراق پێکا

03-02-2024 01:27

 

پەرەگراف

ئەمەریکا هێرشەکانی دەستپێکرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئوردن کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەڵێت: زیاتر لە 85 ئامانجمان لە سوریاو عێراق پێکا کە هی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران بوون.

 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا(سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بڵاوکردەوەو دەڵێت: "هێزەکانمان هێرشی ئاسمانییان لە عێراق و سوریا ئەنجامدا بۆ سەر هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران. هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا زیاتر لە ٨٥ ئامانجیان پێکاوە، ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەمان بەکارهێنا کە بەشێکیان لە ئەمەریکاوە هەڵساون".

 

"هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە ١٢٥ تەقەمەنی وردیان بەکارهێناوە. ئەو دامەزراوانەی کە هێرشیان کرایە سەر بریتی بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن، ناوەندەکان، ناوەندە هەواڵگرییەکان، موشەک و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوەکانی دابینکردنی پێداویستی لۆجستی و تەقەمەنی بۆ گروپە میلیشیاکان و سپۆنسەرەکانیان لە سوپای پاسداران کە ئاسانکارییان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکرد" سێنتکۆم وادەڵێت.

 

دوابەدوای هێرشەکانیش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "وەڵامدانەوەکەمان ئەمڕۆ دەستی پێکردو بەردەوام دەبێت لەو کات و شوێنەی خۆمان هەڵیدەبژێرین".

 

بایدن هۆشداریی دەدات کە هەر ئەمریکییەک زیانی پێبگەیەندرێت وەڵامیان دەبێت.