وتەبێژی حکومەتی عێراق: لە هێرشەکەی ئەمەریکادا 16 کەس شەهید بوون

03-02-2024 12:42

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی عێراق، هێرشەكانی شەوی ڕابردوو بە "دوژمنكاری"یەكی دیكەی ئەمریكا دژی سەروەریی عێراق ناو دەبات و دەڵێت "16 كەس شەهید بوون كە هاووڵاتیی مەدەنییان لەنێودایە". ڕەتیشی دەكاتەوە هیچ هەماهەنگییەك بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان لە نێوان عێراق و ئەمریكا هەبووبێت و دەڵێت "ئەوە بانگەشەیەكی بێ‌ بەنەمایە".

حكومەتی عێراق جارێكی دیكە هاوپەیمانیی نێودەڵەتی دژی داعش لە عێراق، تۆمەتبار دەكات بە "لادان" لە ئەركەكانی خۆی و دەڵێت "بووە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق".

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئیدارەی ئەمریكا دوژمنكارییەكی نوێی بۆ سەر سەروەریی عێراق ئەنجام دا، پێگەی هێزە ئەمنییەكانمان لە ناوچەكانی عوكاشات و قائیم و شوێنە مەدەنییەكانی دەوروبەریان لەلایەن ژمارەیەك فڕۆكەی ئەمریكییەوە بۆردومان كراون".

باسم عەوادی دەشڵێت "ئەم دەستدرێژییە ئاشكرایە بووە هۆی شەهیدبوونی 16 كەس كە لەنێویاندا خەڵكی مەدەنی هەن، لەگەڵ برینداربوونی 25 كەسی دیكە. هاوكات زەرەر و زیانی بە بینای نیشتەجێبوون و ماڵی هاووڵاتیانیش گەیاندووە".

وتەبێژی حكومەتی عێراق، دەربارەی بوونی هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان، ئەمریكا تۆمەتبار دەكات "چەواشەكاری و شێواندنی ڕاستییەكان" و ڕەتی دەكاتەوە هەماهەنگیی لەو شێوەیە هەبووبێت. ڕایشیدەگەیەنێت "ئامانج لەمە چەواشەكردنی ڕایگشتیی نێودەوڵەتی و خۆبواردنە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی تاوانەكە".

جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، شەوی ڕابردوو لە دوای هێرشەكان بۆ سەر ژمارەیەك پێگەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ڕایگەیاند "بەر لە هێرشەكان، حكومەتی عێراقمان لە ئەنجامدانی هێرشەكان ئاگادار كردووەتەوە".

شەوی ڕابردوو ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی هێرشی سەر بنكە سەربازییەكەی ئوردونی دەست پێ‌ كرد كە تێیدا سێ‌ سەربازی ئەمریكی كوژران و 40 سەربازی دیكە بریندار بوون.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا ژمارەیەك هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران و گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا ئەنجام دا".

فەرماندەییەكە دەشڵێت "سوپای ئەمریكا لە ڕێگای ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكەوە كە فڕۆكەی بۆمبهاوێژیان تێدا بووە و هەندێكیان لە ئەمریكاوە فڕیون، زیاتر لە 85 ئامانجی پێكاوە، لە هێرشەكەدا زیاتر لە 125 مووشەك بەكار هێنراون".

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج لە هێرشەكەدا بریتیبوون لە "ناوەندی ئۆپەراسیۆنەكانی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن، ناوەندەكانی هەواڵگری، كۆگاكانی مووشەك و درۆن، دامەزراوەكانی دابینكردنی پێداویستیی لۆجستی و تەقەمەنی بۆ گرووپە میلیشیاكان و سپۆنسەرەكانیان لە سوپای پاسداران كە ئاسانكارییان بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەكرد".

یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "ئەم هێرشانە لە كاتێكدایە كە عێراق هەوڵ دەدات بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری لە ناوچەكە. ئەم بۆردومانانە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و تێكدانی هەوڵەكانی حكومەتە و هەڕەشەیەكە كە عێراق و ناوچەكە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینینەكراوەكان دەبات".

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگیی ئەمریكا، دەڵێت "ئەمە سەرەتای وەڵامی ئێمەیە و سەرۆك بایدن بڕیاری داوە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەكانی سەر بە ئەوان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بكرێنەوە لەسەر ئەو هێرشانەی كردیانە سەر ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان".

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، پاش هێرشەكان ڕایگەیاند "وەڵامدانەوەكەمان ئەمڕۆ دەستی پێ كرد و بەردەوام دەبێت لەو كات و شوێنەی خۆمان هەڵی دەبژێرین".

بایدن ڕایگەیاند "ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هیچ شوێنێكی دیكەی جیهان بەدوای ململانێیەوە نییە، بەڵام هەموو ئەوانەی هەوڵ دەدەن زیانمان پێ بگەیەنن، با بزانن: ئەگەر زیان بە ئەمریكییەك بگەیەنن، وەڵاممان دەبێت".