پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا لە سلێمانی کۆدەبنەوە

03-02-2024 04:49

پەرەگراف

سبەینێ شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سەردانی سلێمانی دەکات و لە دەباشان لەگەڵ شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا ئاگادار بە پەرەگرافی وت "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان لە کەرکوک و نەینەوا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت".

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە بڕیارە هەرسبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی بدات کە لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردووە.

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران.

دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە 11 كورسیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای ‏دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.‏

لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی ‏پێكهاتەكان.‏

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان ‏بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ‏ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ ‏سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.‏

‏١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ ‏كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان ‏و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ ‏دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ‏ئەرمەنەكان.‏

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، بڕیارە بەم نزیكانە چوارەم وادە بۆ بەڕێوەچوونی دیاری بكرێت.

ڕۆژی 16-1-2024 شاندی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

پاش كۆبوونەوەكە، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای پرسوڕا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە وادەیەكی نوێ‌ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.