مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی: بەردەوام دەبین لە خەبات و خۆپیشاندان

04-02-2024 01:01

پەرەگراف

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ مووچەکانیان و دەڵێن، بەردەوام دەبن لە خەبات و خۆپیشاندان تا گەیشتن بە مافەکانیان.

لە بەیاننامەیەکیشدا مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی، داوایان کرد لیستی پاکی مووچە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت و مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لەلایەن بانکە عێراقییەکانەوە دابەش بکرێت.

هەرلە خۆپیشاندانەکەدا تابلۆی حکومەتی هەرێم خرایەناو "زبڵدان و تابووت"، ئەوەش وەک ناڕەزاییەکی تووندی مووچەخۆران بەرانبەر حکومەت.

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ هاوکات بوو لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی چەند وەزارەتێک کە یەکێکیان وەزارەتی پەروەردەیە.

قەیرانی مووچە حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندو گوشاری مووچەخۆران کردووەتەوەو، بێمووچەیی و خراپی گوزەرانی ژیان مامۆستاو فەرمانبەرانی تەواو نیگەران کردووەو بازاڕیش بەوهۆیەوە سست بووە، حكومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردووی پاشەکەوت کردووە.

مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنج داواکارییان هەیە بۆ شکاندنی بایکۆت، چوار لە داواكارییەكان بریتین لە، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ پێدانی مووچە هەر٣٠ ڕۆژ جارێک.

داواكاری پێنجەمیش ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت.

وەرزی یەکەمی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە بایکۆت کۆتایی هات، هەرچەندە لە وەرزی دووەمدا ژمارەیەک خویندنگا کرانەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا بەردەوامن لە بایکۆت و وانە ناڵێنەوە، هۆکاری سەرەکی بایکۆت و نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە هێشتا بە هەڵواسراویی ماونەتەوە.