پارتی و یەکێتی: کۆک بووین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دیاری بکرێت

04-02-2024 02:16

پەرەگراف

دوای سی مانگ کۆنەبوونەوەیان، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سەردانی دەباشانی کردو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی یەکێتی پێشوازییان لێکرا، دوای دوو کاتژمێر کۆبوونەوە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا سێ خاڵیان خستەڕوو.

لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک، پارتی و یەکێتی دەڵێن، هەردوولا کۆکبوون لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان.

هاوکات هەردوو حیزب هاوڕابوون لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و کاری پێکەوەیی بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ.

ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتییە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بۆ کورد بە تایبەت لە کەرکوک گرنگییەکی تایبەتی هەبوو و چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری شارەکەیە.

ئەو کۆبوونەوەیەی پارتی و یەکێتی هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆی گەرمی نێوان لایەنەکان بۆ بەستنی هاوپەیمانێتیی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگار، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستی پارێزگار دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.

پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، دوو کورسییەکەی تورکمان و یەک کورسییەکەی کۆتای مەسیحییەکان یەکلاکەرەوەن و بچنە پاڵ هەر کام لە کورد و عەرەب دەبنە زۆرینەی ئەنجومەنەکەو پۆستی پارێزگار دەبەنەوە