قوتابییەكەی سلێمانی 'بەهۆی نەخۆشییەوە' گیانی لەدەست داوە

04-02-2024 04:59

پەرەگراف

لە قوتابخانەیەكی سلێمانی قوتابییەك گیانی لەدەست دا. بەڕێوەبەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی دەڵێت "منداڵەكە نەخۆشیی هەبووە و بەهۆی نەخۆشییەكەی خۆیەوە گیانی لەدەست داوە، ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكان بڵاو كراوەتەوە ڕاست نییە". پەروەردەى ڕۆژهەڵاتیش جەخت دەکاتەوە کە منداڵەکە بە نەخۆشى گیانى لەدەست داوە و بەهۆى غازى سۆپاوە نەبووە.

ڕووداوەكە لە قوتابخانەی گوندی چەقڵاوەی نزیک تانجەرۆ لە سلێمانی ڕووی داوە و ئەو قوتابییەی گیانی لەدەست داوە ناوی (لەوەند كاروان)ـە، قوتابیی پۆلی ١٢ـى بنەڕەتییە و تەمەنی ١٢ ساڵە.

لە بەشێك لە میدیاكان وا بڵاو کرایەوە كە قوتابییەکە بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەست داوە و چەند قوتابییەکى دیکەش تووشى تەنگەنەفەسى بوون.

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی - 122، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەوە ڕاست نییە كە قوتابییەكە دەرگای لەسەر داخرابێت و بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەست دابێت".

سامان نادر وتیشی "زانیارییەكە بە هەڵە لە ڕگەیاندنەكان بڵاو كراوەتەوە و منداڵەكە خۆی نەخۆش بووە، وردەكاریم لا نییە، بەڵام وابزانم پەردەی دڵی ئەستوور بووە و بەهۆی نەخۆشییەكەی خۆیەوە گیانی لەدەست داوە".

بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "بۆ ڕایگشتیی ڕوون دەكەینەوە كە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری، دەركەوت كە كۆچی دوایی ئەم قوتابییە بەهۆی غازی سۆپاوە نەبووە، بەڵكو هۆكاری نەخۆشی بووە".

بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵات دەشڵێت "هیچ قوتابییەك لە سنووری پەروەردەكەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبوون و نەبراون بۆ نەخۆشخانە".