چەند حاڵەتێكی كۆرۆنا لە پەرلەمانی كوردستان تۆمار كران

10-06-2020 03:27

پەرەگراف

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ 197 ئەندام پەرلەمان و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجامدراوە و چەند حاڵەتێكی پۆزەتیڤ لەو پشكنینانەدا هەن.

بەهۆی ئەو حاڵەتانەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا، سەرجەم كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگرێت.

دەقی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

دوای ئەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا ، حالەتیكی پۆزەتیڤی كۆرۆنا لە ناو فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، وەك پابەند بوونیكی تەواو بە رینماییە تەندروستییەكان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بریاریدا كە پشكنینی كۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و فەرمانبەرانی پەرلەمان بكریت. رۆژی ٩ ی ٦ ی ٢٠٢٠ ، بە سوپاسەوە، چەند تیمیكی پشكنینی تاقیگەی ناوەندی، لەسەر رینمایی وەزارەتی تەندروستی هاتنە پەرلەمانی كوردستان و پشكنینیان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و ١٩٧ ئەندامی پەرلەمان و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجامدا. دیارە بە داخەوە، چەند حالەتێكی پۆزەتیڤ لەم پشكنینانەدا هەن و دواتر لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە وردەكارییەكان رادەگەیەنریت.

وەك پابەند بوون بە رینماییە تەندروستیەكان كە دەبیت سەرجەم بەركەوتووەكان خۆپاریزی بكەن و كەرەنتین بكرێن، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بریاریدا، سەرجەم كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگرێت.

ئاگاداری تەواوی ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان دەكەین كە تائێستا پشكنینی كۆرۆنایان نەكردوە لە زووترین كات پشكنینەكە ئەنجام بدەن و ئەنجامەكەی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بنێرنەوە. بە هەمان شێوە دیوانی پەرلەمانی كوردستان ڕاسپیردراون، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمە پزیشكییەكان پشكنین بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی دیكەش بكرێن كە تا ئێستا پشكنینیان بۆ نەكراوە.

لێرەوە، جارێكی دیكە داوا لە هەموو لایەك دەكەین، پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و خوای گەورە هەموو هاوڵاتیانی كوردستان و وڵاتەكەمان پارێزراو بكات.