هەسەدە: شەش شەڕڤانمان لە ‌هێرشێكی درۆنیدا شەهید بوون

05-02-2024 05:25

پەرەگراف

هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "شەش شەڕڤانمان لە ‌هێرشێكی درۆنیدا ‏بۆ سەر ئەكادیمیایەكی مەشق و ڕاهێنان لە دێرەزوور شەهید بوون". ڕووانگەی سووریش ‏دەڵێت "هێزەكانی كۆماندۆی هەسەدە كراونەتە ئامانج و 25 كوژراو و بریندار هەن".‏

هێرشەكە شەوی ڕابردوو ئەنجام دراوە و هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هێرشێكی ‏تیرۆریستی لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی بەكرێگیراوانی ڕژێمی سووریاوە بە درۆنی ‏بۆمبڕێژكراو كرایە سەر ئەكادیمیایەكی مەشق و ڕاهێنان لە كێڵگەی عومەر لە ڕۆژهەڵاتی ‏پارێزگای دێرەزوور".‏

بەڵام ڕوونگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕەتی دەكاتەوە هێرشەكە لەناو خاكی سووریاوە ‏ئەنجام درابێت و دەڵێت "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە لەلایەن موقاوەمەی ئیسلامییەوە لەناو ‏خاكی عێراقەوە ئاراستەی ئەكادیمیاكەی هەسەدە كراوە".‏

هێزەكانی سووریای دیموكرات "شەهیدبوونی شەش شەڕڤان"ـی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام ‏ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت "هێزی ‏تایبەت و كۆماندۆی هەسەدەی لە بەشی ئەكادیمیای مەشق و ڕاهێنان لە كێڵگەی نەوتی ‏عومەر كردووەتە ئامانج، 25 كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتووەتەوە، بەلای كەمەوە حەوت ‏كوژراو هەیە".‏

هێزەكانی سووریای دیموكرات وەڵامدانەوەی هێرشەكە لە "كات و ساتی دیاریكراودا" بە ‏مافی خۆی ناو دەبات.‏

لە كێڵگەی نەوتی عومەر كە لەلایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە كراوەتە ئامانج، ‏شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەكانی ئەمریكا هەن.‏

لە دوای هێرشی سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە ئوردون، ئەمە دووەم هێرشی گرووپە ‏چەكدارییەكانی "موقاومەی ئیسلامی"یە كە كوژرانی لێ‌ دەكەوێتەوە.‏