زیاتر لە دوو مانگە چالاکوانێکی شیلادزێ دەستگیرکراوە؛ 'نەبراوەتە بەردەم دادگا'

11-02-2024 06:29
عەباس ئاڤاشین، چالاوانی مەدەنی

 پەرەگراف

زیاتر لە دوو مانگە چالاکوانێکی شیلادزێ دەستگیرکراوەو سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری دەڵێت "نەبراوەتە بەردەم دادگاو نازانن بۆچی گیراوەو بۆ ئازاد ناکرێت".

عەباس عەلی ناسراو بە (عەباس ئاڤاشین)، چالاكوانی لاوی خەڵكی شیلادزێ، لە کۆتایی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو لەناو دووكانەكەی خۆی لە شیلادزێ‌ لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانی ئەو چالاکوانە بە پەرەگرافی وت "لەوکاتەوە عەباس نەبراوەتە بەردەم دادوەرو نازانن بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراوە، خێزانەکەی تەنها ئەوەندە دەزانن کە لە زیندانی حەوشکێ ڕاگیراوە لە دهۆک و سەردانیان کردووە".

بە وتەی سەرچاوەکە "چەندجارێک بە خێزانەکەی گوتراوە کوڕەکەیان هیچی لەسەر نییەو بەمزوانە ئازاد دەکرێت، بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوەو داواکاریی کەسوکاری ئەوەیە ببرێتە بەردەم دادگاو ئازاد بکرێت".

عەباس ئاڤاشین بەرلەوەی دەستگیر بکرێت، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕەخنەی لە حكومەت گرتووە و لەسەر ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەكانی سوپای توركیاش لە سنوورەكە قسەی کردووەو ڕەخنەی هەبووە، بەپێی هەندێک لە پۆستەکانی فەیسبوکی وادەردەکەوێت عەباس ئاڤاشین هاوسۆزیی لەگەڵ پەکەکە هەبووبێت و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین کەس بەوهۆیەوە لەو سنورە دەستگیر کراون.

ئەم بابەتە بە ڤیدیۆ

پەرەگراف لەکاتی دەستگیرکردنیدا ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەپێی تۆمارێكی دەنگیی ئەو چالاكوانە، ماوەیەك بەرلە دەستگیرکردنی لەسەر پۆستێكی فەیسبووك چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنی بە خێزانەكەیەوە كراوە و هەڕەشەی دەستگیركردنی لێ‌ كراوە.

عەباس ئاڤاشین لە تۆمارە دەنگییەکەدا كە بۆ دوو ھەفتە بەر لە دەستگیركردنی دەگەڕێتەوە و پەرەگراف پشتڕاستی كردووەتەوە كە دەنگی ئەوە، دەڵێت "زیاتر لە 100 تەلەفۆن بۆ ئێمە هاتووە، داوایان لە باوكم كردووە كە من لەگەڵ خۆی بباتە لیژنە".

هەروەها بەپێی نامەیەكی تێلەگرامی عەباس ئاڤاشین كە لەلایەن چالاكوانانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی كە بە باوكیەوە كراوە، لەسەر پۆستێكی فەیسبووك بووە، ئەویش لەبەر خاتری دایك و باوكی پۆستەكەی سڕیوەتەوە، بەڵام دواتریش پەیوەندییان بە باوكیەوە كردووە و وتوویانە "دەبێت كوڕەكەت بهێنیتە لای لیژنە، ئەگەر نەیەت، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەكرێت".

عەباس ئاڤاشین بەرلەوەی دەستگیر بکرێت دەڵێت "دەمەوێت هەموو خەڵك بزانن، دواتر ئەگەر منیان لە شوێنێك دەستگیر كرد، هیچ تاوان و شتێكم نەكردووە، تەنیا ئەو پۆستەیە و هیچی تر". 

دواین پۆستی عەباس ئاڤاشین لە فەیسبوک، لەسەر خراپی دۆخی كارەبا بووە و نووسیویەتی "لە شەو و ڕۆژێكدا 9 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە". بە توانجیشەوە دەڵێت "لەبیر نەكەن، سەیدا مزگێنیی خۆشی هەیە".