سوپای تورکیا لە ئامێدی ڕێگای نوێی سەربازیی دروست دەکات

12-02-2024 04:11
کارکردنی سوپای تورکیا بۆ دروستکردنی ڕێگا لە نزیک گوندی کێستە. شوباتی ٢٠٢٤

پەرەگراف- دهۆک

لە دوای بڕینەوەی سەدان دار لە دارستانەکانی پارێزگای دهۆک لەلایەن سوپای تورکیاوە، سوپای ئەو وڵاتە ئامیری شکاندنی بەردی بردووەتە ناوچەکە بۆ دروستکردنی رێگای نوێ بۆ هاتووچۆی خاڵە سەربازییەکانی لە قوڵای ٩ کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان.

هاونیشتیمانییەکی خەڵکی گوندی هرور سەر بە ناحیەی کانی ماسێ بە پەرەگرافی وت "سوپای تورکیا هەر بە بڕینی دارەوە نەوەستاوەو بەمدواییانە ژمارەیەک شۆفڵ و گەڵابەو ئامێری شکاندنی بەردی هێناوەتە نزیکی گوندەکەمان و سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگان".

نزیکەی ١٠ خاڵی سەربازیی تورکیا لە دەوروبەری گوندەکانی هرور و کێستە هەن کە هەندێکیان نزیکن لە ناوەندی گوندەکان و ماڵی هاوڵاتییان.

هاوکات کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی کە چاودێری دۆخی ناوچەکانی شەڕ دەکات، ڕایگەیاند "لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤وە، سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕین و کەستاڕەی لە پشتی گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دروستکردووە. ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت و بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو کارگەی هاڕین و کەستاڕەوە ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی ڕێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن".

ئەندامەکەی سی پی تی دەڵێت "ڕێگاکە ٩ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری ڕێگا و بانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی حەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابیندەکرد. لە دوای تەواوکردنی ئەو ڕێگا سەربازییە، چیتر دەوڵەتی تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا".

"پڕۆژەی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد و لە  مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ لەدوای دروستکردنی ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازیی بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کۆتاییپێهات" کامەران عوسمان وادەڵێت.

هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا زیانی بە سروشتی کوردستان و ڕەز و باخی گوندنشینان گەیاندووەو بەهۆیەوە سەدان گوند چۆڵبون و وازیان لە خێروبێری زەوییە كشتوكاڵییەكان و مەڕوماڵات هێناوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، تەنیا لە مانگێكدا پێنج گولـلە تۆپ لە گوندی گوهەرزێی قەزای ئامێدی کەوتوونەتە خوارەوەو یەکێکیان لە حەوشەی ماڵێکی داوەو ئەو خێزانە لە مەرگ گەڕاونەتەوەو زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێل و خانووەکەیان کەوتووە.

هەربەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كوژراون كە چواریان لە سنوری پارێزگای دهۆك بووە و 12ی دیكەش برینداربون، لە ساڵی ٢٠١٥شەوە نزیكەی 150 هاوڵاتی لە کوژراون و زیاتر لە 230ی دیكەش برینداربون، لە بەرامبەردا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا ئیدانەی هێرشەکان دەکەن و هیچ هەنگاوێکی کردارییان نییە.