دەزگای ئاسایش: بە بڕیاری کوێخا دێرین تەقە لە سەرمایەدارەکەی سلێمانی کراوە

12-02-2024 04:39

پەرەگراف

دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند، بە بڕیاری کوێخا دێرین تەقە لە سەرمایەدارەکەی سلێمانی کراوەو بەهۆی سەرانەسەندن و هەڕەشەکردن فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوێخا دێرین دەرچووە.

ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی "بە فەرمانی دادوەر" چوونەسەر ماڵی کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی یەکێتی لە سلێمانی بە مەبەستی دەستگیرکردنی، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی سلێمانی و ئۆپەراسۆن و کۆماندۆ بوون و فەرمانی دادوەریان پێ بووە بۆ دەستگیرکردنی، بەڵام لە ماڵ نەبووە تا دەستگیر بکرێت و داواکراوە خۆی ڕادەست بکات".

بە وتەی سەرچاوەکە "بە فەرمانی دادوەر دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەیدا گیرا کە خانووەکەی و قەڵای عوزێرییەکانیش دەگرێتەوە کە ناوبراو دروستی کردووە".

هاوکات دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقە لە سەرمایەدار ئەحمەد کامیل فەقێ کرا و بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی دادوەری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکردو ڕۆژی 30ـی 1ـی 2024، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر بەناوی ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیرکرا".

"دوای لێکۆڵینەوە ئەو تۆمەتبارە دانی بە تاوانەکەیدا ناوەو دەرکەوتووە تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ئومێد کەمال هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە کوێخا دێرین و، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە. دواتر ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە ئومێد کەمال تۆمەتباری دووەم کە هاوکاری تەقەکەری کردووە دەستگیرکراو، ‏‎ئێستاش کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە" دەزگای ئاسایش وادەڵێت.

ئاسایش دەشڵێت "کێشەکەی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی و، هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریداوە دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار کوێخا دێرین و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کراونەتەسەر موڵکی گشتی".