وەزیری نەوتی عێراق: نزیكین لە ڕێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوتی هەرێم

12-02-2024 07:32

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆكان لەگەڵ كۆمپانیا ‏نەوتییەكان لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی ‏كوردستانەوە "بەرەوپێشچوون"ـی بەخۆەوە بینیوە و لەوبارەیەوە ‏بەمنزیكانە دەگەنە ڕێككەوتن و چارەسەر.‏

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت "دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە، پەیوەستە بە دەستپێكردنەوەی ‏بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم".‏

ئەم لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنگرە و ‏پێشانگای وزە لە بەغداد بووە و دەشڵێت "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ‏عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلە و عێراق پابەندە بە ‏بڕیارەكانی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان".‏

لێدوانەكەی وەزیری نەوتی عێراق پاش ئەوە دێت كە لە كۆتایی مانگی 1ـی ئەمساڵ، كۆمپانیا ‏بیانییەكانی كەرتی نەوتی كوردستان داوایان لە كۆنگرێسی ئەمریكا كرد ‏بەر لە سەردانەكەی ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی، هەنگاوی دەستبەجێ‌ ‏بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوتی هەرێم بنێت و محەمەد شیاع سوودانی ‏‏"ناچار" بكەن بەوەی ڕێگە بە كۆمپانیا نەوتییەكان ‏بدات "ئازادانە نەوت ‏بەرهەمبهێنن و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن".‏

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) كە لەو كۆمپانیا بیانییانە پێك ‏دێت لە كەرتی ‏نەوتی هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی ‏‏"وەستانی هەناردەكردنەوەی ‏نەوت بۆ ماوەی زیاتر لە 10 مانگ و كێشەی ‏نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ‏بودجەی عێراقدا و ‏چارەسەرنەكردنی پرسی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری ‏نەوت، ‏هەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی دارایی كردووەتەوە".‏

ئەپیكۆر، هەرێمی كوردستان بە "هاوپەیمانێكی ئەمنیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاستدا" ناو ‏دەبات و ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمریكا و لایەنە ‏نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بە ‏بەهای "10 ملیار دۆلار" وەبەرهێنایان ‏لە هەرێم هەیە و "پێویستە هەنگاو بۆ پاراستنی ئەو ‏وەبەرهێنانە بگرێتەبەر".‏

‏"داوای یارمەتیی بەپەلەتان لێ دەكەین كە هانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بدەن ‏دەستبەجێ‌ كێشەی ‏وەستانی هەناردەكردنی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی ‏ڕۆژانەی هەرێمی كوردستان بۆ ‏بازاڕەكانی جیهان چارەسەر بكات"، كۆمەڵەی ‏پیشەسازیی نەوتی كوردستان ڕوو لە كۆنگرێسی ‏ئەمریكا وا دەڵێت.‏

هەروەها كۆمەڵەكە ئاماژەی بە بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق ‏لەلایەن كۆشكی سپییەوە كردووە بۆ سەردانی واشنتن و لە ‏پەیامێكدا بۆ كۆنگرێس دەڵێت "داواتان ‏لێ دەكەین ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق ناچار بكەن ڕێگە بە كۆمپانیا ‏نەوتییە ئەمریكییەكان و ‏ئەندامانی دیكەی كۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی كوردستان بدات ئازادانە ‏نەوت ‏بەرهەمبهێنن و هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن".‏

"حكومەتی عێراق دەبێت بەپەلە دوو كێشە چارەسەر بكات: پشكی هەرێمی ‏كوردستان لە بودجەی ‏عێراق بدات، كە پێویستە بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمریكی و ‏ڕۆژئاواییەكان دەست بە كارەكانیان ‏بكەنەوە. شایستەی دارایی پێشوو و داهاتووی ‏كۆمپانیاكان لە بەرامبەر هەناردەكردنی نەوت بەپێی ‏گرێبەستەكانیان گەرەنتی ‏بكات"، ئەپیكۆر وا دەڵێت.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ‏ناوبژیوانیی ‏نێودەوڵەتییەوە ڕاگیرا و هەرچەندە توركیا ئامادەیی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏سۆمۆوە دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی ‏هەرێم و بەغداوە تا ئێستا دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە.‏

ناكۆكییەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانن، بە تایبەتیش بڕی ‏تێچووی ‏بەرهەمهێنانی نەوت.‏