عەشیرەتی عوزێری: كوێخا دێرین ئەركی لەناو دەسەڵاتدا بووە و فەرمانی ‏لەوێوە وەرگرتووە

13-02-2024 07:01
ئەكرەم عەبدوڵڵا، سەرۆكی عەشیرەتی سمایل عوزێری

پەرەگراف

عەشیرەتی سمایل عوزێری لەبارەی دۆسیەی "كوێخا دێرین"ـەوە نیگەرانن ‏و دەڵێن دەبوایە دۆسیەكە "بە هێمنی و سەلیقە"وە مامەڵەی لەگەڵ ‏بكرایە و "نیگەرانین و زۆر پێمان قورسە كە ناوی ئێمە لەسەر شاشەی ‏تەلەفزیۆنەكان زۆر بە زەقی دەنووسرێت".‏

ئەمڕۆ ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی سمایل عوزێری ‏كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و تێیدا ئەكرەم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ‏عەشیرەتەكە، وتی "ئەم كوڕەی ئێمە ئەرك و دەوامی لەناو دەسەڵات و ‏پێگە سەربازییەكاندا بووە و فەرمانی لەوێوە وەرگرتووە، چەك و ‏جبەخانەی ئەوانی پێ‌ بووە و ئەوان ئاگایان لە هەڵسوكەوتەكانی بووە، ‏بەڵام بەداخەوە ئێمەیان كردووە بە واجیهە".‏

پەیامێكیشی ئاراستەی كوێخا دێرین كرد و وتی "تۆ كەسێكی بەدەر نیت ‏لە دەسەڵات و یاسا و چەك و جبەخانەی ئەوانت پێیە و پارێزگاریت لە ‏یاسا كردووە، دەبێت لە هەموو كەسێك زیاتر پابەندی یاسا بیت".‏

سەرۆكی عەشیرەتی سمایل عوزێری لەبارەی تۆمەتی "سەرانەسەندن" كە ‏دراوەتە پاڵ كوێخا دێرین، وتی "ئێمە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستوومانە و ‏باوەڕیشمان بەوە نییە شتەكە بەو شێوەیە بێت، دەبێت دادگا یەكلای ‏بكاتەوە".‏