پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

11-06-2020 04:39

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی گیان لەدەستدانی پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە سلێمانی ڕاگەیاند، بەوەش گیان لەدەستدان لە ھەرێم گەیشتە ٣٥ حاڵەت کە ٣١یان لە سلێمانی بووە.

تووشبووەکان پیاون و تەمەنیان؛ ٨٠ و ٧٨ و ٧٠ و ٦٩ و ٤٨ ساڵ بووەو دوای خەواندن و مانەوە لە نەخۆشخانە و بەشی چاودێری چڕ گیانیان لەدەستداوە.

سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، پێشتر لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".

زۆرترین ڕێژەی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە سلێمانی بووە، لە كۆی ٣٥ حاڵەتی مردن لە هەرێم، ٣١یان لە سلێمانی‌و 4یان لە هەولێر بووە، هەروەها لە كۆی تووشبووانی هەرێم زیاتر لە نیوەیان لە سلێمانی تۆمار كراون.

تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.