دادگای سلێمانی سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد دەرکرد

18-02-2024 01:17

پەرەگراف

دادگای سلێمانی سزای لە سێدارەدانی سەپاند بەسەر بكوژی نەقیب محەمەد لەتیف، ئەفسەرەكەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، دوو تۆمەتبارەکەی هاوکاریشی سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا.

بڕیارەکانی دادگاکە لە دواین دانیشتنی دادبینیدابوو كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەكەی دادگادا، تۆمەت ئاراستەی سێ تۆمەتبار كرا و دواتر سەرۆكی دادگا بڕیاری حوكمەكەی خوێندەوە كە یەكێكیان وەك بكوژ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و دوو تۆمەتبارەكەی تر هەر یەكێكیان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران بەوپێیەی هاوکاریی بکوژیان کردووە لەو تاوانەدا.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پارێزەری خانەوادەی نەقیب محەمەد

 

نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندووتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی تەقەیان لێ كرا، بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانی لەدەست دا و سێ پۆلیسەكەی دیكەش بە سەختی بریندار بوون.

ڕۆژی 12-4-2022، ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەدی ڕاگەیاند و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ڕۆژی 4-4-2021 توانیویانە دوان لە تۆمەتباران دەستگیر بكەن، دوای كۆكردنەوەی زانیارییش، لە ڕۆژی 12ی هەمان مانگ تاوانباری سێیەمیش دەستگیرا كراوە.

ئاسایش ئامادە نەبوو شوێنی دەستگیركردن و وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكان ئاشكرا بكات، بەڵام وتی "چووبوونە دەرەوە و هەر لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون"، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا "دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".