ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان پاسەوانەکانی محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای ڕوویدا

18-02-2024 02:34

پەرەگراف

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای سەری کێشا بۆ شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداریی لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور کە بارەگای سەرەکیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و ماڵی ئەو دوو برایەی لێیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "بەیانیی ئەمڕۆ پێشمەرگەکانی محەمەدی حاجی مەحمود چوونەسەر ماڵی عەبدوڵای برای و لەگەڵ پاسەوانەکانی گرژیی ڕوویداو تەقەیان بەسەر ماڵەکەیدا کرد، پاسەوانەکانی عەبدوڵاش تەقەیان بە ئاسماندا کرد".

بە وتەی سەرچاوەکە، پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای کە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانن، دوای ئەوە بووە "کاکە حەمە داوای لە عەبدوڵای برای کردووە ماڵەکەی چۆڵ بکات و خانو و زەوییەکانی ڕادەست بکات و لە گوڵەخانە نەمێنێت بۆئەوەش ئەمڕۆ هێزی ناردووەتەسەر ماڵەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی عەبدوڵا ئەوەی ڕەتکردووەتەوەو پاسەوانەکانی ڕاسپاردووە مل بۆ هیچ داوایەکی لەو جۆرە نەدەن".

حیزبی سۆسیالیست خاوەنی هێزی چەکدارو پێشمەرگەی تایبەتەو بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ و پێکدادانی چەکداریی، ئەمڕۆ هێزی یەکێتی لە سلێمانییەوە بەرەو گوڵەخانە جوڵەی پێکرا.

کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای لەسەر چین؟

حیزبی سۆسیالیست بە فەرمی هیچ لێدوان و زانیارییەکی لەبارەی ئەو شەڕو کێشانە بڵاونەکردووەتەوەو بەرپرسەکانیان ئامادەنین قسەی لەسەر بکەن، بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادارو نزیک لەو حیزبە کە بە مەرجی ناونەهێنانی قسەی پەرەگراف کرد، کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای ماوەی دوو ساڵە بەردەوامەو نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن، "لەسەر پۆست و پلەو پارەیە".

سەرچاوەکە وتی "لە دوای دواین کۆنگرەی سۆسیالیستەوە کە مانگی ٣ی ٢٠٢٢ بەسترا ناڕەزاییەکان دەستیان پێکرد بەتایبەت لەوەی کاکە حەمە بە فەرمی کوڕو کچەکانی هێنایە سەرکردایەتی و پۆست و لێپرسراوێتی پێدان، هەرچەندە عەبدوڵای برای کە ئێستا وەزیری شەهیدانە بە درێژایی تەمەنی پەرلەمانتارو وەزیر بووە، بەڵام ئەوەی قبووڵ نەبوو".

"لەم ماوەیەی دوایدا لەسەر خاوەندارێتی یانەی وەرزشی بەختیاری ناکۆکییەکان زیاتر تەشەنەیان سەند، یانەکە خاوەنی زەوییەکی گرانبەهایە لە سلێمانی و کاکە حەمە ویستی کوڕەکەی خۆی بکات بە سەرۆکی یانەکە" سەرچاوەکە وای وت، وتیشی "لەگەڵ ئەوەشدا کاکە حەمە بڕیاری چەند گۆڕانکارییەکی دیکەی دەرکرد لەناو ئۆرگانەکانی حیزب کە ئەوانەش نیگەرانیی دروست کرد لە دواین بڕیاردا لیوا سەلاح عەلی بەرپرسی دەزگای کاروباری پێشمەرگەو زاوای خۆی دوورخستەوەو حسێن خەلیفەی لە شوێنی دانا".

هێزەکانی پێشمەرگەی سۆسیالیست سەربە یەکەی ٨٠ی پارتی دیموکراتن و مووچەو پێداویستی سەربازیی لە پارتی وەردەگرن، بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی پەرەگراف "باسلە گەندەڵیی گەورە دەکرێت و بەرپرسانی سۆسیالیست یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە هەبوونی دەیان بندیوار لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کە بۆ خۆیان و کوڕو کەسوکارەکانیان کردوویانەو دەڵێن بەشێک لە بودجەی هێزەکە بە گەندەڵیی دەخورێت".

لەسەر چەندین ئاستی حیزبی و عەشایەری هەوڵ هەبووە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای، بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە.