قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبووەوەو دەڵێت: بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە

19-02-2024 06:02

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی لە سلێمانی کۆبووەوەو گفتوگۆیان لەبارەی داواکانی مامۆستایان کردو دەڵێت: بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە.

جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند "لەدیدارم لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستای ناڕازی بەڕێز، بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە کە؛ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە و وانەبێژەکانیش بکرێنە گرێبەستی رەسمی بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت، بەردەوامیش لەخەت دەبین بۆ جێبەجێ کردنی داوا رەواکانیان".

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە هێشتا ژمارەیەک لە مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامن لە ناڕەزایی و بایکۆتی دەوام تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

داواكاریی مامۆستایان پەیوەست بە مووچە و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە. ئەوان داوا دەكەن "مووچە نەدراوەكانیان پێ‌ بدرێت، مووچە 30 ڕۆژ جارێك دابەش بكرێت، مامۆستایانی وانەبێژ بكرێن بە هەمیشەیی و پلەبەرزركردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەست پێ‌ بكاتەوە".