کۆمسیۆن پێشنیار دەکات هەڵبژاردنی کوردستان مانگی شەش بکرێت

20-02-2024 01:58
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن

پەرەگراف

سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد، کۆمسیۆن پێشنیار دەکات هەڵبژاردنەکە مانگی شەش ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "بەپێی ئەو خشتەی کارەی کۆمسیۆن خستویەتییە ڕوو، ماوەی ٤ مانگیان پێویستە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنەکەو بەوپێیەش پڕۆسەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ".

ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەو سکاڵایە بدات کە یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردووەو بڕیارەکەی دادگا چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەو بازنەکانی هەڵبژاردن یەکلا دەکاتەوە کە پێویستن بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن تا بزانرێت بە شێوازو یاسایەک هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.

سەرۆکایەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ‏‎مەبەستی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت ئامادەیی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییانە دەربڕی.

‏‎سەرۆکایەتی هەرێم دەشڵێت "کۆمسیۆن باسی ڕێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایی تەمەنی کۆمسیۆن خستە ڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن لە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن".

تەمەنی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ١-٧-٢٠٢٤ کۆتایی دێت و دەبێت بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی کوردستانی ئەنجامدابێت.

سەرۆکایەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ حکومەتدا "وەک ئەوەی لە ڕابردوو هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەبووە و ئەرکی یاسایی خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدییەوە هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت".

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، هەڵبژاردنەکە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.‏

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی ‏كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.‏