یەكێتی داوای 'هەڵوەسەتەكردن' لەسەر لێدوانێكی فایەق زێدان دەكات

20-02-2024 05:24

پەرەگراف

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی داوای "هەڵوەستەكردن" لەسەر لێدوانێكی ‏سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەربارەی "پێكهاتنی هەرێمی كوردستان و پێكهێنان و ‏دروستبوونی هەرێمی نوێی فیدراڵی لە عێراقدا" دەكات.‏

ئەنجوومەنەكەی یەكێتی بە چوار خاڵ ڕەخنەی لە لێدوانەی فایەق زێدان گرتووە كە پێكهێنانی قەوارەی دەستووریی هەرێمی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و داوا لە ‏فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەكات كە "لە پاڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی تردا، ‏هەڵوەستەیەك بكەن، لەسەر لێدوانەكانی ڕۆژی 18/2/2024ی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ‏عێراق".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، فایەق زێدان لەو لێدوانەیدا ناوی هەرێمی كوردستان وەكوو "واقیعێكی ‏جوگرافی و نەتەوەیی" بردووە كە "هەلومەرجی دوای داگیركردنی كوێت هێناویەتە ئاراوە"، ‏ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی دەڵێت "دەبوو وەكوو هەرێمێكی دەستووریی ‏فیدراڵی ناوی بهێنایە، ئاماژە بە ماددەی 117/ یەكەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق".‏

هەروەها سەرنجێكی دیكەی ئەنجوومەنەكەی یەكێتی لەسەر لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ‏داوەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بە "بارێكی تایبەت - وچع خاص" ناو دەهێنێت و دەیبەستێتەوە ‏بە "دانپیادانانی سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عێراق"، نەك بە قەوارەیەكی یاسایی چەسپی و لە ‏دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.‏

ئەنجوومەنەكەی یەكێتی لە خاڵێكی دیكەدا دەڵێت "فایەق زێدان گومان دەخاتە سەر هەلومەرجەكانی ‏سەردەمی داڕشتنی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە ڕەهایی دەڵێت: (ئێستا ئەو ‏هەلومەرجە گۆڕدراوە لە لای ئەوانەی باوەڕیان بەو بنەمایانە هەبووە و لە ئێستادا باوەڕیان بە ‏گۆڕینیەتی)، بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكات كورد بەشدار بووە لە داڕشتنی ئەو بنەما دەستوورییانە و ‏هیچ كات پەشیمانبوونمان لە داڕشتنی ئەو بنەمایانە ڕانەگەیاندووە".‏

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ئاماژەی بە گۆشەیەكی دیكەی لێدوانەكەی ‏فایەق زێدان كردووە كە تێیدا "بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە هەر ناوچەیەكی عێراق ڕەت ‏دەكاتەوە و بە هەڕەشەی دادەنێت لەسەر یەكگرتوویی و ئاسایشی عێراق". ئەنجوومەنەكەی یەكێتی ‏ئەم هەڵوێستە بە "ڕەچاونەكردن"ـی ئەوە ناو دەبات كە "پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراقدا ‏‏(مافێكی دەستووری)یە نەك (بیرۆكە)" و دەشڵێت "ئەو مافە بە ماددەی (117/ دووەم، 118، 119) ‏چەسپێنراوە و بە یاسای ژمارە (13)ـی ساڵی (2008) ڕێكارەكانی دانراوە".‏

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانی كە لەدوای كۆنگرەی چوارەمی ‏یەكێتییەوە پێكهێنرایەوە، جەعفەر شێخ مستەفا سەرۆكایەتیی دەكات، بەڵام هێشتا بافڵ تاڵەبانی ‏ئەندامەكانی ئەنجوومەنەكەی دیاری نەكردووە كە لە دەسەڵاتەكانی خۆیەتی. ئەمەش یەكەم ‏ڕاگەیەندراوی ئەو ئەنجوومەنە بوو لە دوای پێكهێنانی.‏‎ ‎