سوودانی: ناردنی پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت

20-02-2024 07:07

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: ناردنی 618 ملیا دینار پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت هەتا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کە ئێستا پڕۆژەی هەموارەکە لەژێر وردبینیدایە.

سوودانی ڕەخنەی لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم گرت و وتی، پێویستیان بە  گۆڕانکارییەو تێچو و نرخی بەرهەمهێنانیان زۆرە.

بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق(2023 – 2025)، پشكی ساڵێكی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە، بەڵام بەغداد ئامادەنییە بودجەی هەرێم بنێرێت چونکە بەپێی هەمان یاسای هەرێم پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی هەرێمەوە، عێراق ناتوانێت سوود لە نەوتی هەرێم وەربگرێت.

جەوهەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد سەربەخۆیی ئابوری و دۆسیەی دەرهێنان و هەناردەی نەوتە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە هەرێم سەندراوەتەوەو دراوەتە دەست حکومەتی عێراق.

هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی ئازاری 2023وە حەوت زیانەکانی ڕاگرتنی نەوت نزیکەی 10 ملیار دۆلارە.

حکومەتی هەرێم یەک ملیار دۆلار قەرزداری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتەو بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، کۆمپانیاکان ئامادەنین بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکەنەوە، ئەوە لەکاتێکدایە گفتوگۆکان لە نێوان هەولێرو بەغدا بە چڕیی بەڕێوەدەچن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازیی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێیوایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.

بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی ‏كوردستان هەیانە بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ‏ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە ‏نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە ‏گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.‏

عێراق دەیەوێت پاش ڕێککەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتی هەرێم لەسەر گرێبەستەكانیان و گونجاندنی گرێبەستەکان لەگەڵ یاسای بودجەو دەستووری عێراق، بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکرێتەوەو لە قۆناغی دووەمیشدا لەگەڵ توركیا ڕێککەوێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

کۆمپانیا نەوتییەکان جەخت لە جێبەجێکردنی گرێبەستە نەوتییەکان دەکەنەوەو دەڵێن، هەر کۆمپانیایەک گرێبەستێکی یاسایی تایبەتی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیەو هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەنی گرێبەستەکەبێت.