میدیای یەكێتی ڕاگەیەندراوەكەی جەعفەر شێخ مستەفای سڕییەوە كە ڕەخنەی لە فایەق زێدان ‏گرتبوو

20-02-2024 09:29

پەرەگراف

میدیای فەرمیی یەكێتی ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی ‏سڕییەوە كە تێیدا ڕەخنە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گیرابوو، هیچ ‏ڕوونكردنەوەیەكیشی لەبارەی هۆكاری سڕینەوەی ڕاگەیەندراوەكەوە بڵاو نەكردووەتەوە.‏

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی كە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی پێكهێنرا و لە ‏كۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە گۆڕانكاریی تێدا كرا، لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفاوە سەرۆكایەتیی ‏دەكرێت و ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەم ڕاگەیەندراوی لە دوای كۆنگرەی پێنجەم بڵاو كردەوە.‏

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە ‏باڵاكانی یەكێتی داوای "هەڵوەستەكردن" لەسەر لێدوانێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ‏عێراق دەربارەی "پێكهاتنی هەرێمی كوردستان و پێكهێنان و دروستبوونی هەرێمی نوێی فیدراڵی لە ‏عێراقدا" كردبوو.‏

ئەنجوومەنەكەی یەكێتی بە چوار خاڵ ڕەخنەی لە لێدوانێكی فایەق زێدان گرتووە و داوا لە ‏فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەكات كە "لە پاڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی تردا، ‏هەڵوەستەیەك بكەن، لەسەر لێدوانەكانی ڕۆژی 18/2/2024ی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ‏عێراق".‏

بەڵام دوای چەند كاتژمێر لە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوەكە، ماڵپەڕی (‏PUKMEDIA‏) كە میدیای ‏فەرمیی یەكێتییە، هەواڵی پەیوەست بە ڕاگەیەندراوەكەی سڕییەوە و هیچ ڕوونكردنەوەیەكیشی ‏لەبارەی هۆكاری سڕینەوەی بڵاو نەكردووە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، فایەق زێدان لەو ‏لێدوانەیدا ناوی هەرێمی كوردستانی وەكوو "واقیعێكی جوگرافی و نەتەوەیی" بردووە كە ‏‏"هەلومەرجی دوای داگیركردنی كوێت هێناویەتە ئاراوە"، ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە ‏باڵاكانی یەكێتی دەڵێت "دەبوو وەكوو هەرێمێكی دەستووریی فیدراڵی ناوی بهێنایە، ئاماژە بە ماددەی ‏‏117/ یەكەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق".‏

هەروەها سەرنجێكی دیكەی ئەنجوومەنەكەی یەكێتی لەسەر لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ‏داوەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بە "بارێكی تایبەت - وچع خاص" ناو دەهێنێت و دەیبەستێتەوە ‏بە "دانپیادانانی سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عێراق"، نەك بە قەوارەیەكی یاسایی چەسپی و لە ‏دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.‏

ئەنجوومەنەكەی یەكێتی لە خاڵێكی دیكەدا دەڵێت "فایەق زێدان گومان دەخاتە سەر هەلومەرجەكانی ‏سەردەمی داڕشتنی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە ڕەهایی دەڵێت: (ئێستا ئەو ‏هەلومەرجە گۆڕدراوە لە لای ئەوانەی باوەڕیان بەو بنەمایانە هەبووە و لە ئێستادا باوەڕیان بە ‏گۆڕینیەتی)، بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكات كورد بەشدار بووە لە داڕشتنی ئەو بنەما دەستوورییانە و ‏هیچ كات پەشیمانبوونمان لە داڕشتنی ئەو بنەمایانە ڕانەگەیاندووە".‏

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ئاماژەی بە گۆشەیەكی دیكەی لێدوانەكەی ‏فایەق زێدان كردووە كە تێیدا "بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە هەر ناوچەیەكی عێراق ڕەت ‏دەكاتەوە و بە هەڕەشەی دادەنێت لەسەر یەكگرتوویی و ئاسایشی عێراق". ئەنجوومەنەكەی یەكێتی ‏ئەم هەڵوێستە بە "ڕەچاونەكردن"ـی ئەوە ناو دەبات كە "پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراقدا ‏‏(مافێكی دەستووری)یە نەك (بیرۆكە)" و دەشڵێت "ئەو مافە بە ماددەی (117/ دووەم، 118، 119) ‏چەسپێنراوە و بە یاسای ژمارە (13)ـی ساڵی (2008) ڕێكارەكانی دانراوە".‏

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانی كە لە كۆنگرەی پێنجەمی ئەو ‏حیزبەدا جەعفەر شێخ مستەفا بە سەرۆكی هەڵبژێردرا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ژمارەی ‏ئەندامانی لە نێوان (9 بۆ 15) ئەندام دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێن، بەڵام تا ‏ئێستا ئەندامەكانی دانەنراون.‏