دوو کەسی مەدەنی لە گوندێکی ئاکرێ بە بۆردومانی تورکیا کوژران

20-02-2024 11:00

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردومانی “چیای سیارێ”یان لە گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ کرد، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو کەسی مەدەنی کوژران.

کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی سی پی تی کە چاودێریی ناوچەکانی شەڕ دەکەن، دەڵێت "لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی عارف تەها تەمەن ٦١ ساڵ و بەشیر عومەر عەلی تەمەن ٦٨ ساڵ شەهیدبوون. هەردوو شەهیدەکە پێشمەرگەی خانەنشین بوون".

"هەردوو هاووڵاتییە مەدەنیەکە، لەگەڵ دوو هاونیشتیمانی تری گوندی کافیا بە ناوەکانی عەبدوڵڵا کافی و سادق زێباری بە مەبەستی ترش کردن چووبونە سەر ڕەز و باخەکانیان لە گوندی کافیا" ئەندامەکەی سی پی تی وادەڵێت.

بۆردومان و شەڕی توركیا چەندین ساڵە بە چڕی بەردەوامە بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک؛ ئێستا ئەو ئاڵۆزییە چەكدارییانە تەنیا 10 بۆ 15 كیلۆمەتر لە ناوەندی شارەكانی ئامێدی و ناحیەكانیەوە دورن، لەوانە شیلادزێ و دێرەلوك و ئەوانی دیكە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، تەنیا لە مانگێكدا پێنج گولـلە تۆپ لە گوندی گوهەرزێی قەزای ئامێدی کەوتوونەتە خوارەوەو یەکێکیان لە حەوشەی ماڵێکی داوەو ئەو خێزانە لە مەرگ گەڕاونەتەوەو زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێل و خانووەکەیان کەوتووە.

هەربەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كوژراون كە چواریان لە سنوری پارێزگای دهۆك بووە و 12ی دیكەش برینداربون، لە ساڵی ٢٠١٥شەوە نزیكەی 150 هاوڵاتی لە کوژراون و زیاتر لە 230ی دیكەش برینداربون، لە بەرامبەردا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا ئیدانەی هێرشەکان دەکەن و هیچ هەنگاوێکی کردارییان نییە.