دادگای فیدراڵی عێراق ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە

21-02-2024 01:54

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ لە دوانزەهەمین دانیشتندا، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی دا لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و چەند ماددەیەکی یاساکەی بە نادەستوری لە قەڵەم دا کە ئەوە خواست و داوای یەکێتی بوو لە سکاڵاکەیدا، بەپێی بڕیارەکەی دادگا پێویستە هەرێمی کوردستان بکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کە لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.

هەروەها دادگاکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەمکردەوەو ١١ کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوەو بە "نادەستوری" لە قەڵەمیدا.

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردبوو، واتا تانەی لە ماددە ‏هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن دابوو داوای کرد ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و ‏یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎، دادگاش داواکەی یەکێتی پەسەند کرد‏.‏

بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی کاریگەریی دەبێت لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، هەڵبژاردنەکە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر ‏بكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و ‏پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سکاڵاکەی یەکێتی تایبەت بوو بە کورسی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگا بە دڵی ئەو حیزبەیەو نیگەرانکەرە بۆ پارت و لایەنەکانی پێکهاتەکان و پێشتریش چەندینجار ناڕەزاییان دەربڕیوە لەهەر هەوڵێک بۆ دەستکاریکردنی کورسییەکان.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

لە کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان(خولی پێنجە) پێنج كورسییەكەی توركمان دوانیان لای فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بوو، هەریەك لە بەرەی تورکمانی و پارتی چاکسازی تورکمان و لیستی میللەت يەكی كورسییەكیان هەبوو.

پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحیش سێ كورسی لە هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، یەكێكیان لە ئەنجومەنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەویتر لای لیستی رافیدەین بوو. بەپیی بەدواداچوونێکی پەرەگراف فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان بەڕێكرد.