دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراقی پابەندکرد بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێی بانکە عێراقییەکانەوە

21-02-2024 02:55

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵاکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پەیوەست بە پێدانی مووچەکانیان یەکلاکردەوە، حکومەتی عێراق پابەندکرد بە دابینکردنی مووچە لە ڕێی بانکە عێراقییەکانەوە دوای ئەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانەی بەپێی یاسای بودجە لەسەریەتی و ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق.

بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، پێگەی دارایی و سەروەریی هەرێمی کوردستانی کەمکردەوە، بەپێی بڕیارەکە؛ پێویستە حکومەتی هەرێم مانگانە لیستی مووچە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات بە ئامانجی پارەدارکردنی، بەڵام پارەکە نادرێتە وەزارەتی دارایی هەرێم تا دابەشی بکات، بەڵکو پێویستە سەرجەم فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە لە لقەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و مانگانە مووچەکانیان بخرێتەسەر هەژمارەکانیان بۆئەوەش پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق لقی خۆی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم مووچە دابەش ناکات و تەنها خشتەی مووچە ڕادەستی بەغداد دەکات.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق، لە کاتی خوێندنەوەی بڕیاریدا دادگاکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا مافی مووچەخۆرانەو پێنەدانی نادەستورییە، ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت و مووچەخۆران باجی ناکۆکییەکان بدەن.

سكاڵاكانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سێ‌ سكاڵای جیاواز بوون و لەلایەن 16 مووچەخۆر و فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمار كرابوون، لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەكخرابوون و ئەمڕۆ یەکلا کرانەوە، سکاڵاکاران بڕیارەکانی دادگایان بە دڵە، هەرچەندە ئەگەر بڕیارەکانی دادگاکە جێبەجێش بکرێن ڕەنگە بە خێرایی ئەنجامەکانی دەرنەکەوێت، بەوپێیەی کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم کارێکی ئاسان نییەو کاتی زۆری پێویستە، هەروەها جێبەجێکردنی دابینکردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە پەیوەستکراوە بە جێبەجێکردنی چەند پابەندییەک کە خراونەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.