لایەنە براوەكانی كەركووك هاوپەیمانێتییەكیان بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە پێكهێنا

22-02-2024 02:16

پەرەگراف

بە بەشداریی بافڵ تاڵەبانی و ڕێبەر ئەحمەد، لایەنە براوەكانی كەركووك کۆبوونەوە و هاوپەیمانێتییەكیان بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە پێكهێنا كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكانی دەكرێت، بڕیایش دراوە لە ماوەی هەفتەیەكدا هەركام لەو لایەنانە پرۆژەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی كەركووک پێشكەش بكات.

ناكۆكیی نێوان لاینە براوەكانی كەركووك لە كورد، سوننە و توركمان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك، وای كردووە تا ئێستا حكومەتی خۆجێیی كەركووك پێك نەهێنرێت. سوودانی هەوڵەكانی بۆ چارەسەری ئەو كێشە دەست پێ‌ كردووە.

دوێنێ‌ بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەركردەی لایەنە براوەكانی كەركووك كۆبوونەوە. لە یەكێتی هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و ئاسۆ مامەند، لە پارتییش ڕێبەر ئەحمەد و شاخەوان عەبدوڵڵا، هەروەها لە پێكهاتەی سوننە هەریەك لە خەمیس خەنجەر و محەمەد تمیم، لە توركامنیش حەسەن تۆران، هاوكات ڕەیان كلدانی، سەرۆكی بزووتنەوەی بابلیۆن بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێككەوتوون:

1- بەهۆی گرنگیی پارێزگای كەركووك كە وەكوو عێراقێكی بچووك ناو دەبرێت، بەشداربووان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەى بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كەركووك لەبەرچاو بگیرێت، پێكەوەژیان بپارێزرێت، پەیوەندیی برایەتی و هاوكاری لەنێوان ڕۆڵەكانیدا بەهێزتر بكرێت. دەستوور ئەو چەترەیە كە هەمووان دەپارێزێت.

2- لایەنەکان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پەیڕەوی هاوبەشی سازان و پەراوێزنەخستن بنەمای كاری هاوبەشیان بێت لە پارێزگای كەركووك.

3- لایەنەکان ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی كەركووك لە هەموو هێزە براوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ببێتە چەتری سیاسی، سەرۆكوەزیران سەرۆكایەتیی دانیشتنەكانی هاوپەیمانێتییەكە بكات تاوەكو جێبەجێكردنی شایستە دەستوورییەكان لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و ڕێككەوتن لەسەر بەرنامە و میكانیزمەكەی و پەیڕەوی ناوخۆییەكانی هاوپەیمانێتییەكە.

4- ئامادەكردنی (بەرنامەی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە كەركووك) كە لەلایەن هاوپەیمانێتێیەكەوە پەسندكراو بێت، هێزەكانی هاوپەیمانێتییەكە پابەند بن پێیەوە، ئیدارەی نوێی پارێزگاكە جێبەجێی بكات، بەپێی میكانیزم و كاتی ڕوون و كرداری.

5- هێزە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بەڵگەنامەی كاركردن پێشكێش بكەن، كە تێڕوانینی خۆیانی تێدابێت بۆ ئامادەكردنی بەرنامەیەكی تەواو بۆ پارێزگاكە و میكانیزمی گونجاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی.