مەسروور بارزانی بۆ بەغدا: لە لایەكەوە قوڕگمان دەگرن و لەولایشەوە خۆتان وەكو فریادڕەس نیشان دەدەن

22-02-2024 02:40

پەرەگراف

مەسروور بارزانی لە یەكەم دەركەوتنی دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچە و هەڵبژاردن، هیچ كاردانەوەیەكی ڕاستەوخۆی لەبارەی بڕیارەكانەوە نیشان نەدا، بەڵام لەبارەی حكومەتی عێراقەوە وتی "لە لایەكەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولایشەوە خۆیان وەكو فریادڕەس نیشان دەدەن".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە سەردانەكەیدا بۆ هەڵەبجە وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "مایەی تێڕامانە كە ڕێكارەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر نادرێت، كێشە و ئاستەنگ دروستكردن و بەستنەوەیان بە بەپارێزگاكردنی چەند شارێكی دیكە لە عێراق، بیانوویەكی ناڕەوایە و بە كەم سەیركردنی قوربانییانی هەڵەبجەیە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی "پێویستە ڕووبەڕووی حكومەتی فیدراڵی ببینەوە و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان و هەڵەبجەییەكان بە بیری حكومەت بهێنینەوە".

سەبارەت بە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم، مەسروور بارزانی وتی "لە لایەكەوە تاوانمان بەرامبەر دەكرێت، لە لایەكی دیكەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لەولایشەوە دێن خۆیان وەكوو فریادڕەس نیشان دەدەن و خەڵكێك بەلاڕێدا دەبەن و وا دەكەن كە ئێمە مەمنوونیان بین، ئەم جۆرە ڕەفتارە بەرامبەر خەڵكی كوردستان چی دیكە قابیلی قبووڵ نییە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەڵەبجە، بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووەقوتی دانا و لەوبارەیەشوە وتی "بە تەواوكردنی پرۆژەی پردەكە، سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم ناوچەیە دەگات و كاریگەریی باشی لە بواری گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت".

هەر ئەمڕۆیش پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، كۆلێژی پزیشكی لە هەڵەبجە دەكرێتەوە، تایبەتمەندی دەدرێتە هەڵەبجە و بەشێك لە داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەڵەبجە تەرخان دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی شارەكە".

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت "سەرۆكوەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دامودەزگا ئیدارییەكانی هەڵەبجە وتی: هاتووم گوێ دەگرم و قسە ناكەم. چی بكەین و چۆن خزمەتی هەڵەبجە بكەین؟".

هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی بڕیاری دامەزراندنی 500 كەسی لە دامودەزگاكانی پارێزگای هەڵەبجە دا و بەڵێنی خەرجكردنی بودجەی بۆ قیرتاوكردنی شەقامەكانی هەڵەبجە داوە.