ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی: بایکۆتی خۆڕسکانەی ئەمجارەمان ڕیکۆردێکی مەزنی شکاند

22-02-2024 03:03
خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی بۆ مووچە، ١٤-١-٢٠٢٤

پەرەگراف

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی، پەیامێکی بڵاوکردەوەو بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شکاندن یاخود بەردەوامیی بایکۆت و خۆپیشاندان بکات، دەڵێت: بایکۆتی خۆڕسکانەی ئەمجارەمان ڕیکۆردێکی مەزنی لە ئاستی هەرێم و عێراق و جیهانیشدا شکاند.

"گرنگیشە بزانین کە خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بەتەواوی بەدینەهاتوون، بۆیە لێرەدا ناوەستین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان" ئەنجومەنەکە وادەڵێت بەبێ ئەوەی شێوازو ڕێوشوێنەکانی بەردەوامییان بخاتەڕوو.

پەیامەکە لەدوای بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵییە لەبارەی مووچە کە حکومەتی عێراقی پابەندکرد بە پێدانی مووچە لەڕێی بانکە عێراقییەکان لە دوای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی سەرشانی حکومەتی هەرێم.

بڕیارەکەی دادگا لەسەر سکاڵای ژمارەیەک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بوو، مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی شادو خۆشحاڵن بە بڕیارەکەو بەهۆیەوە ئاهەنگ دەگێڕن و ئەمڕۆیش لە ڕانیە بە جلی کوردییەوە شیرینییان بەخشییەوە.

 دەقی  پەیامێک لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی:

مامۆستایانی بەهەڵوێستی ناڕازیی..

دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز..

فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان

ڕەوەندیی کوردی و دڵسۆزانمان لە دەرەوەی هەرێم..

سڵاوی خۆڕاگری و ورەبەرزیتان لێبێت..

ئاشکرایە بایکۆتی خۆڕسکانەی ئەمجارەمان لە ڕووی مەودا و مەدەنیەت و خۆڕاگرییەوە ڕیکۆردێکی مەزنی لە ئاستی هەرێم و عێراق و جیهانیشدا شکاند.

ئەم خەباتە وەک هەر خەباتێکی دیکە لە مێژووی کۆن و نوێدا بەمەبەستی کپکردن و لەکەدارکردنی، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و فشار و پیلانی دەسەڵات بوویەوە، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی ملنەدان و پشوودرێژی و بەدەمەوەهاتنی چینوتوێژەکان بەگشتیی و مامۆستایانی خاوەنهەڵوێست بەتایبەتی تا دواسات بەبەهێزیی و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە درێژەی کێشا.

یەکێک لە جوانییەکانی ئەم خەباتە ئەوە بوو، هەر کات دەسەڵاتی تاڵانکار؛ فشارێکی نوێی دزێوی دەستپێئەکرد ئێمە بەهێزتر و پەروەردەییانەتر لە جاران ڕووبەڕووی دەبووینەوە.

بەڕێزان...

ئاگادارن لە پاش 155 ڕۆژ لە پشوودرێژی و کۆڵنەدان هەر لە ڕاگەیاندنی بایکۆتەوە بگرە تا ئەنجامدانی دەیان خۆپیشاندانی پڕجۆشوخرۆش لە سیانزە شارو شارۆچکە، هەروەها سەردانی وەفدی جۆراوجۆر بەرەو بەغداد؛ لەگەڵ تۆمارکردن و ناردنی سکاڵا بۆ دادگای پەیوەندیدار لە بەغدادی پایتەخت و پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانتار و ڕێکخراو و سەندیکا و کەسایەتییە جیهانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتن و دروستکردنی لینک لەگەڵ یو ئێن و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم؛ وا وردە وردە بەری ڕەنج و خۆڕاگرییەکەمان دەچنینەوە.

گرنگیشە بزانین کە خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بەتەواوی بەدینەهاتوون، بۆیە لێرەدا ناوەستین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، هاوکات بەوردی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەین، هەر لایەنێک کەمتەرخەم بێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت بەرامبەری.

لە کۆتاییشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە هەموولایەک بکەین، چ ئەوانەی کە شەونخونییان کرد بۆ ئەم خەباتە و ئەوانەی سزادران و  چ ئەوانەی ڕووبەڕووی جۆرەها فشار و هەڕەشەی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان بوونەوە تا دەگات بەو دڵسۆزانەی لەژێرەوە و وەک سەربازی ون پاڵپشتی گەورەی ئەم خەباتە مەدەنییەمان بوون، تەنانەت ئەوانەشی بە پۆستێک یان کۆمێنتێک پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕیوین، یان لەدڵەوە نزایەکی سەرکەوتن و سەلامەتییان بۆ کردووین. 

دەستکەوتەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاییندەیەکی نزیکیش هەوڵ و بەری تێکۆشان و ماندوونەناسیی هەمووانن، نەک تاکەکەس و تاکە ئەنجومەن و تاکەدەستە و تاکەشار و تاکە حیزبێک.

شکۆدار و بەردەوام بێت ئیرادەی حەقخوازیی و خەباتی ناڕازییەکان.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی

22/ 2/ 2024