وەزیری ناوخۆ داوا لە بەغداد دەکات پێداگربێت لەسەر هەڵوێستەکانی لەبارەی مووشەکبارانەکەی ئێران

24-02-2024 01:19

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و شکۆی هاووڵاتییان و سەروەری خاکی عێراق، پێداگری بکات لەسەر هەڵوێستەکانی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر، "خۆڕاگر بێت تاوەکو مەرجەکانی راپۆرتی لێکۆڵینەوەی رووداوەکە جێبەجێ دەکرێت، بە پێچەوانەوە هیچ بەهایەک بۆ سەروەری عێراق نامێنێت".

ئەو وتانەی ڕێبەر ئەحمەد لە وتارێکدابوو کە ئەمڕۆ لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی قوربانییانی هێرشەکە پێشکەشی کرد لە هەولێر.

وەزیری ناوخۆی هەرێم، جارێکی دیکە دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق کرد و هەڵوێستەکانی لەبارەی هێرشەکەوە بە "نیشتمانپەروەرانە" ناوبردو وتی، "بۆ یەکەم جار بە توندی هاتە وەڵام و رێگەی دروستی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی یاداشتنامەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتەبەر".

درەنگانی شەوی ١٥-١-٢٠٢٤، ئاسمانی هەولێر بە ١١ مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە شەهید کران و هێشتا تەرمی کارگوزارەکە نەدۆزراوەتەوە، خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی برینداربوون.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو ڕایگەیاند: ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی.

"شەهید پێشڕەو دزەیی بە ستەم و ناڕەوا لە هێرشێکی مووشەکی زاڵمانەی بێ پاساو و بێ بنەما بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری هەولێر شەهید کرا. لە کاتێکدا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی و بەسەربردنی ساتێکی ئارام بوو لەگەڵ خێزانەکەی خۆیدا" وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت.

ڕێبەر ئەحمەد وتیشی، خەونی شەهید پێشڕەو دزەیی، هەمیشە بەرەوپێشبردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان و شارە خۆشەویستەکەی هەولێر بوو؛ بەڵام بەداخەوە دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی نەیانهێشت درێژە بە خواست و خولیاکانی لەپێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات. بنەماڵەی شەهید پێشڕەو بەڵێنیان داوە لەسەر کاروان و رێچکەی ئەو بەردەوام بن و درێژە بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانی زیاتری هەولێر بدەن.