وەزیری نەوتی عێراق: كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەكان دەگونجێنن

24-02-2024 03:25

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم گەشبینە و جەخت دەكاتەوە كە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە "دانوستانی ئەرێنی"دان. دەشڵێت "پێم وایە كۆمپانیاكان خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەكان دەگونجێنن".

ئەمڕۆ 24-2-2024، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە پانێڵێكدا لە شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغداد، لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دوا و مامەڵەی "تاكلایەنە"ـی توركیا لە گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتى هەرێمى بە هۆكاری ڕاگرتنی هەناردەى نەوتەکە ناو برد.

وەزیری نەوتی عێراق جارێكی دیكە هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی بۆ ئەو گرێبەستانە گەڕاندەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كردوویەتی و وتی "سروشتی گرێبەستەكان جیاوازە لەگەڵ سروشتی ئەو گرێبەستانەی كە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت هەیەتى".

حەیان عەبدولغەنی لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینیی نیشان دا كە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە "دانوستانی ئەرێنی"دان بۆ "هەموارکردنەوە و نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان و گونجاندنیان لەگەڵ دەستووری عێراق".

"پێم وایە كۆمپانیاكان خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەكان دەگونجێنن، چونكە ئامانجی ئەوانیش بەردەوامبوونە لە بەرهەمهێنانی نەوت"، وەزیری نەوتی عێراق وای وت.

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەردوولا کۆکن لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کردوویەتی، بەڵام لە وردەکارییەکاندا ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە چارەسەر.

کۆتایى مانگى ڕبردوو، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی وت "بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین، لەبارەی شێوازی هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی پێویستە بکرێن، هێشتا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن".

بە وتەی سەرچاوە باڵاکە، سەرەکیترین گرفت پارەی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمە، "عێراق پێشنیاری کردووە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێم ٦ دۆلار دیاری بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو بڕەی بەلاوە زۆر کەمە و کۆمپانیاکانیش بە هەمان شێوە ئامادە نین بەو پارەیە بەرهەمهێنان دەست پێ بکەنەوە".

"حکومەتی هەرێم بە زۆر زیاتر لەو پارەیە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ئەوەش لە کێڵگەیەک بۆ کێڵگەیەکی دیکە جیاوازەو بەوەی بەغداد دەیەوێت قازانجی کۆمپانیاکان زۆر کەمدەبێتەوەو ڕەنگە هەندێکیان لە زەرەریشدابن، بۆیەک نە هەرێم و نە کۆمپانیاکان ئەوەیان قبوڵ نییە" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرێبەستە نەوتییەکان یاسایین و مافی هەرێمی کوردستانە و دەست لەو مافانە هەڵناگرن، بەڵام ئامادەن بۆ هەموارکردنەوەشیان بە مەرجێک بە شێوەیەک بێت کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازیی بکات.

یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە کە یەک ملیار دۆلارەو لای حکومەتی هەرێمە، "بەغداد ئامادە نییە ئەو قەرزە بۆ هەرێم بداتەوە"، کۆمپانیاکانیش دەڵێن، بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم دەستپێناکەنەوە.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە سەرەتاى مانى ١٢ـى ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، عێراق پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، "بەڵام پێویستە چارەسەری بەشێک لە کێشە دارایی و یاسایی و هونەرییەکان بکرێت، کە پەیوەستن بەو گرێبەستانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کراوە".

جیهاد وتیشی "وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی گۆڕینی شێوەی یاسایی گرێبەستەکانە، کە لە ڕووی یاسایی و هونەری و داراییەوە لەگەڵ یاساکانی عێراق بگونجێن".

حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاری كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.

بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی ‏كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ‏ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە ‏نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە ‏گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.‏

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستان كە شەش كۆمپانیای نێودەوڵەتیی كەرتی نەوتن و بە (ئاپیكور) ناسراوە، زۆربەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بەرهەم دەهێنن. ئاپیکور دەڵێت "کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئاپیکور دڵنیان کە گرێبەستەکانی ئێستایان پابەندی یاساییە و توانای جێبەجێکردنی هەیە، بۆیە دەتوانرێت لە بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان چارەسەر بکرێت و مافی گرێبەستی کۆمپانیاکان پارێزراو بێت و هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەست پێ بکاتەوە".

مایلس كاگینگس، وتەبێژی ئاپیکور جەخت لەوە دەکاتەوە، پابەندبوون بە گرێبەستەکان و ڕوونیی شێوازی پارەدانەکانی ڕابردوو و داهاتوو، گرنگن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەکەیان.