داوا لە سوودانی دەكرێت سێ‌ مووچەی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم بدات

25-02-2024 06:29

پەرەگراف

پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، 26 پەرلەمانتار داوایەكیان ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد بۆ خەرجكردنی سێ‌ مووچە نەدراوەكەی كۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "پوختەی داواكارییەكە ئەوەیە كە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕۆژی (٢١/٢/٢٠٢٤) لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەدا كە خوێندیەوە دەڵێت (ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە بڕگەكانی (أ، ب، ج، د) لە بڕگەی دووەمی مادەی (١٢) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە خەڵكی كوردستان بێبەش نەكرێت لە قووتی ڕۆژانە و سەرچاوەی بژێوی".

سۆران عومر دەڵێت "پاڵپشت بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ نەدراوە، داواكارین ئەو مووچە نەدراوانە بدرێتەوە بە خەڵكی كوردستان".

وەكوو ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردووەتەوە، پێویستە بۆ هەر مانگێك حكومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینار بنێرێت و لەگەڵ ٣٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم مووچە نەدراوەكانی پێ‌ دابەش بكرێت.

حكومەتی هەرێم سێ‌ مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12ـی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی دابەش نەكردووە و بووە بە پاشەكەوت، بە پاساوی ئەوەی بەغداد بودجەی نەناردووە و پێی وایە ئەو قەرزە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە، ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق سێ‌ جار 700 ملیار دیناری وەكوو قەرز بۆ مووچەی ئەو سێ‌ مانگە بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی 7، 8 و 9ـی پێ‌ دابەش كردووە.