شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆی نەوت‌و بودجە دەچێتەوە بەغداد؛ داوای چی لە هەرێم دەكرێت؟

11-06-2020 11:45

پەرەگراف

هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكاتەوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان‌و گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر پرسەكانی نەوت‌و بودجە. بەغداد داوای كۆمەڵێك بەڵگەنامە لە هەرێم دەكات لەبارەی هەرنادەو بەرهەمهێنان‌و فرۆشی نەوت‌و ئەو قەرزانەی لەسەر هەرێمی كوردستان كەڵەكە بوون.

سە‌میر هە‌ورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، سەردانەكەی هەفتەی داهاتووی شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان، وتیشی: پێشتر دانوستان لەگەڵ كابینەی پێشوی حكومەتی عێراق كراوە، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ كابینەی نوێ درێژە بە گفتوگۆكانی پێشوو دەدرێت لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی وەك بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان.

لە دوو مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم‌و بەغداد چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لێكنزیكبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەو نەوت؛ هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەست بكات، لە بەرامبەر ناردنی مووچەو شایستە داراییەكان، بەڵام بەغداد سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردووەتەوەو سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی دەوێت.

هاوكات هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە كۆبونەوەی دوێنێی لیژنەی دارایی سەبارەت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق كردووە، "لە وەڵامدا گەشبین بوو، ڕایگەیاند كە مەبەستمانە كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارەبكەین، گوتی: لە ڕۆژانی داهاتودا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ وەرەقەی دانوستان لە نێوانمان ئاڵوگۆڕ دەكرێ".

سەردانەكەی هەفتەی داهاتووی شاندی هەرێم لە كاتێكدایە، بەغداد لیژنەیەكی 11 كەسیی پێكهێناوە بۆ وردبینیكردنی داهاتە نەوتی‌و نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بەغداد داوای ئاشكراكردنی ناو و شوێنی بەرهەم هێنان‌و هەرنادەی نەوت‌و تۆماری دارایی هەریەكێكیان لە هەرێم دەكات.

لەگەڵ ئاشكراكردنی داهاتە نەوتییەكان‌و ئەو بڕەی بەرهەم دێت‌و دەفرۆشرێت، هەروەها ئاشكراكردنی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و شێوازی فرۆشتنی نەوت‌و ئاشكراكردنی هەژمارە بانكییەكان كە داهاتی نەوتی بۆ دەگەڕێتەوەو ناوی ئەو كەسانەی دەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن لەگەڵ گرێبەستی ئەو لایەنانەی هەڵدەستن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

هەروەها بەغداد تۆماری دارایی 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2020‌و وێنەیەك لە گرێبەستی قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كە حكومەت توانای دابینكردنی نییە مانگانە لەكاتی خۆیدا، بۆئەوەش چاوی لە دەستی عێراقە.

پێشتر پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد ئەوەی ئاشكرا كرد، هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە بۆ ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەرامبەر 900 ملیۆن دۆلاری مانگانە كە بەغداد بینێرێت، ئەمەش بەپێی لێكتێگەیشتنی ساڵی ڕابردووی نێوان هەردوولا، یاخود كۆی مەلەفی نەوت ڕادەست بكات بە مەرجی ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكان‌و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت، "بەڵام ئێستا بەغداد ئەوەی ناوێت‌و سەقفی داواكارییەكانی بەرز كردووەتەوە".

سەرچاوەكە وتیشی "حكومەتی عێراق داوای سەرجەم داهاتی هەرێمی كوردستان دەكات بە هەموو جۆرەكانییەوە، دەڵێت داهاتی سەرتاسەری وڵات بچێتەوە بەغدادو لەوێوە دابەش بكرێتەوە، حكومەتی هەرێم بەوە ڕازیی نییەو پێیوایە بەوجۆرە مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ دەكرێت نەك هەرێمێكی فیدراڵیی كە لە دەستووردا دانی پێدا نراوە".

نەگەیشتنە ڕێككەتنی هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە هەردوولا لەبەردەم قەیرانێكی سەختی داراییدان، ئەگەر نرخی نەوت بە خێرایی بەرز نەبێتەوە، ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی عێراقیش دەبێت هاوشێوەی كوردستان.