وەزیری دارایی عێراق: دەبێت مووچەى مووچەخۆرانی هەرێم ‏بەنیشتمانی بكرێت و لەڕێگەی كارتی بانكییەوە بێت ‏

26-02-2024 01:31

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق پارە بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی لیستی مووچە ‏دەنێرێت و بۆ مانگی داهاتوو كراوە بە مەرج كە دەبێت فەرمانبەران هەژماری بانكیی لە بانكە ‏عێراقییەكان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە مووچەیان پێ نادرێت‎.‎

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی ‏پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و لە وەڵامی ‏ئەندامانی لیژنەكەدا ‏ڕایگەیاند، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ‏بۆ ئەم مانگە، ‏پەیوەستە بە پێشكەشكردنی لیستی ناوی ‏مووچەخۆران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە‎.‎

وەزیری دارایی عێراق، لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە دەڵێت، بڕیارەكە لە ‏بەرژەوەندیی ‏مووچەخۆرانی هەرێمەو مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2024 بە تەواوەتی ‏گرەنتی كراوە‎.‎

تەیف سامی جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەبێت ‏مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم، ‏لەڕێگەی كارتی بانكییەوە بێت، وەك ئەوەی لە ‏بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووەو بەبێ ئەوە ‏مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت‎.‎

بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پێویستە حكومەتی هەرێم مانگانە لیستی مووچە ئاڕاستەی ‏وەزارەتی دارایی عێراق بكات بە ئامانجی پارەداركردنی، بەڵام پارەكە نادرێتە وەزارەتی دارایی ‏هەرێم تا دابەشی بكات، بەڵكو پێویستە سەرجەم فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری ‏بانكییان بۆ بكرێتەوە لە بانكە حكومییە عێراقییەكان و مانگانە مووچەكانیان بخرێتەسەر ‏هەژمارەكانیان‎.‎

هەریەكە لە بانكەكانی ڕەشیدو ڕافیدەین و بانكی بازرگانی عێراقی، سێ بانكی سەربە حكومەتی ‏عێراقن و تەنها بانكی بازرگانی لقی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كردنەوەی هەژمار بۆ سەرجەم ‏مووچەخۆرانی هەرێم كاتێكی زۆری دەوێت و ڕوون نییە چۆن ئەو پرسە چارەسەر دەكرێت، ‏وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا گوتویەتی كارێكی ئەستەم نییە كە لە ماوەی ‏مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانكیی بكەنەوە‎.‎