نەرمین مەعرووف: شتێك نەما بە ناوی 618 ملیار دینارەكە و كۆی مووچەی هەرێم خەرج دەكرێت

26-02-2024 05:30

پەرەگراف

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پێویستە سەرجەم فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە لە بانکە حکومییە عێراقییەکان و مانگانە مووچەکانیان بخرێتەسەر هەژمارەکانیان.

هەریەکە لە بانکەکانی ڕەشیدو ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقی، سێ بانکی سەربە حکومەتی عێراقن و تەنها بانکی بازرگانی لقی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کردنەوەی هەژمار بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم کاتێکی زۆری دەوێت و ڕوون نییە چۆن ئەو پرسە چارەسەر دەکرێت، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان گوتویەتی کارێکی ئەستەم نییە کە لە ماوەی مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانکیی بکەنەوە.

د.‏‎ ‎نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە بەشدار بوو لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ‏لەگەڵ وەزیری دارایی، لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەو پرسەیان ڕووبەڕووی تەیف سامی كردووەتەوە كە ئایا نەبوونی ‏لقی ئەو بانكانە لە هەرێم نابێتە بەربەست؟ لە وەڵامدا گوتویەتی "دەكرێت فەرمانبەران هەژمارەكانیان لە ‏لقەكانی ئەو بانكانە لە دەرەوەی هەرێم بكەنەوە و پاشان بانكەكان مووچەكان بخەنە سەر هەر بانكێكی دیكە ‏كە مووچەخۆرەكە بیەوێت"‏‎.‎

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو "شتێك نەما بە ناوی ٦١٨ ملیار دینارەكە ‏كە مانگانە بەغداد بۆ مووچە دەینارد و لەمەودوا كۆی مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت كە نزیكەی ‏‏٩١٣ ملیار دینارە"‏‎.‎

ئەوە لەكاتێكدایە پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێكردندایە و بەپێی ئەو ‏پڕۆژەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوە و بەشێك لەو فەرمانبەران ئێستا ‏مانگانە لەڕێی كارتی بانكییەوە مووچەكانیان وەردەگرن‎.‎

هەرچەندە پێنج بانك لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن و سەرجەمیان بانكی فەرمین و لەلایەن بانكی ‏ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێكراون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دەكرێت سوود لە پڕۆژەی هەژماری من ‏وەربگیرێت بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بەوپێیەی دادگاكە لە بڕیارەكەیدا ‏دەڵێت، دەبێت لەڕێی بانكە حكومییە عێراقییەكانەوە مووچەكان دابەش بكرێن‎.‎

د. نەرمین مەعرووف لەبارەی سوودوەرگرتن لە پڕۆژەی هەژماری من وتی "دەبێت لەلایەن هەردوو حكومەتی ‏هەرێم و عێراق ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت كە ئایا دەكرێت سوود لەو پڕۆژەیە وەربگیرێت یاخود نا".‏