مەسروور بارزانی و بلینكن لە واشنتن كۆبوونەوە

26-02-2024 10:39

پەرەگراف

مەسروور بارزانی و ئەنتۆنی بلینكن لە واشنتن كۆبوونەوە. سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بە شانازییەوە ‏هاوپەیمانی ئەمریكاین". وەزیری دەرەوەی ئەمریكایش جەخت لە پابەندیی وڵاتەكەی بە "هاوكاری و ‏هاوبەشی" لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەشڵێت "یەكڕیزیی كورد گرنگە".‏

بەر لە كۆبوونەوەكەیان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ‏ئەمریكا قسەیان كرد. بلینك خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە پێشوازیكردن لە مەسروور بارزانی لە وەزارەتی ‏دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتن و وتی "ئەمریكا هاوبەشییەكی دوورودرێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏هەیە و پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی هاوبەش لە قوربانیدان ‏بونیاد نراوە".‏

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە "پشتیوانی"ـی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێم "لە چوارچێوەی ‏پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق" كردەوە و پەیوەندییەكەشی بە "گرنگ" وەسف كرد.‏

‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و ژینگەیەكی تەندروست ‏بووە بۆ كەرتی تایبەت و لەناویشیاندا وەبەرهێنانی ئەمریكی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە"، بلینك وای وت.‏

ئەنتۆنی بلینك باسی لە "قۆناغی سەخت"ـی ئێستای ناوچەكە كرد و جەختی كردەوە كە "گرنگە پێكەوە ‏بتوانین ئەم سەختییانەش تێپەڕێنین".‏

‏"لە كۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێم: بۆ ئێمە و پێموایە بۆ سەركەوتنی دۆست و هاویەیمانەكانیشمان، ‏یەكگرتوویی كورد گرنگە، چونكە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە و هەمووان پێكەوە كار دەكەن"، وەزیری ‏دەرەوەی ئەمریكا وای وت.‏

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوپاسی بانگهێشتكردنی بۆ واشنتۆن كرد و ‏خۆشحاڵیی دەربڕی جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە واشنتن. وتیشی "بەدڵنیاییەوە ئێمە هاوبەشی یەكترین و ‏بەشانازییەوە ئێمە دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی ئەمریكاین".‏

مەسروور بارزانی وتیشی "پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندووە. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین و ‏پێزانینیمان دەردەبڕین بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ خەڵكی كوردستان".‏

‏"ئاڵنگاریی نوێ لە ناوچەكەدا هەن و چاوم لەوەیە لە گفتوگۆكانماندا باسی پێشهاتەكانی ناوچەكە و عێراق و ‏بەتایبەتیش باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانمان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا بكەین"، سەرۆكی ‏حكومەتی هەرێم وای وت.‏

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ بە سەردانێكی پێشتر ڕانەگەیندراو گەیشتە واشنتنی ‏پایتەختی ئەمریكا و لەگەڵ برپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە. سەردانەكە لە كاتێكدایە كە لە ڕۆژانی ‏ڕابردوودا دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لەبارەی مووچە و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەركرد، بەڵام هشتا ‏حكومەتی هەرێم بە فەرمی هەڵێوستی خۆی لەبارەی بڕیارەكانەوە دەرنەبڕیوە.‏