مەسروور بارزانی و ئەنتۆنی بلینكن لەسەر شەش تەوەر پەیوەست بە كێشەكانی هەرێم و بەغداد ‏گفتوگۆیان كردووە

27-02-2024 11:41

پەرەگراف

مەسروور بارزانی و ئەنتۆنی بلینكن لەسەر شەش تەوەری سەرەكیی پەیوەست بە پەیوەندی و كێشەكانی نێوان ‏هەرێم و بەغداد گفتوگۆیان كردووە. سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەردوولا جەختمان لەوە كردەوە كە ‏پێویستە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەشە بودجەی خۆی پێ بگات". وەزیری دەرەوەی ‏ئەمریكایش جەخت لە پاڵپشتیكردنی "هەرێمی كوردستانێكی گۆڕاگر" لە چوارچێوەی عێراقدا دەكاتەوە.‏

درەنگانێكی شەوی ڕابردوو پاش كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مەسرروو ‏بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "پاراستنی ئاسایشی ‏هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و داببینكردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەكانی ‏خەڵكی كورستان، ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێم، پاراستنی مافی پیكهاتەكانی ‏كوردستان، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال ‏و دەرچوونی میلیشیاكان لە دەڤەرەكە، تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەمان بوون".‏

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كردوە كە بلینكن "پشتیوانیی ئەمریكای بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ‏سەقامگیریی هەرێمی كوردستان وەكوو قەوارەیەكی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا" دەربڕیوە. دەشڵێت ‏‏"هاوڕابووین لەسەر ئەوەی كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەكانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە ‏عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما ‏دیموكراتییەكان لە عێراق بگیرێت".‏

هەروەها ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، لەبارەی ‏كۆبوونەوەكە و هەڵوێستی ئەمریكاوە جەخت لە "هاوبەشیی ئەمریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق و ‏هاندانی بەردەوامی هەرێم بۆ هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق" كردووەتەوە.‏
بلینكن دەڵێت "ئەمریكا وەكوو بەردی بناغەی پەیوەندیی ٣٦٠ پلەی لەگەڵ عێراقدا، بە پشتیوانێكی هەرێمی ‏كوردستانی عێراقی خۆڕاگر دەمێنێتەوە".‏

دواتر مەسروور بارزانی لە سێ كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ هەر یەك لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ‏دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك و عەزرا زییا، بریكاری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ئاسایشی ‏سڤیل و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و جیۆفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەكانی وزە ‏كۆبووەتەوە.‏

مەسروور بارزانی دەڵێت "لە كۆبوونەوەكاندا، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافی پێكهاتەكان و ‏پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، هەروەها ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی كەرتی وزەمان لە هەرێم، تاوتوێ ‏كرد".‏

مەسروور بارزانی و بلینكن بەر لە كۆبوونەوەكەیان چییان وت؟

بەر لە كۆبوونەوەكەیان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ‏ئەمریكا قسەیان كرد. بلینك خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە پێشوازیكردن لە مەسروور بارزانی لە وەزارەتی ‏دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتن و وتی "ئەمریكا هاوبەشییەكی دوورودرێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏هەیە و پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی هاوبەش لە قوربانیدان ‏بونیاد نراوە".‏

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە "پشتیوانی"ـی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێم "لە چوارچێوەی ‏پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق" كردەوە و پەیوەندییەكەشی بە "گرنگ" وەسف كرد.‏

‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و ژینگەیەكی تەندروست ‏بووە بۆ كەرتی تایبەت و لەناویشیاندا وەبەرهێنانی ئەمریكی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە"، بلینك وای وت.‏

ئەنتۆنی بلینك باسی لە "قۆناغی سەخت"ـی ئێستای ناوچەكە كرد و جەختی كردەوە كە "گرنگە پێكەوە ‏بتوانین ئەم سەختییانەش تێپەڕێنین".‏

‏"لە كۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێم: بۆ ئێمە و پێموایە بۆ سەركەوتنی دۆست و هاویەیمانەكانیشمان، ‏یەكگرتوویی كورد گرنگە، چونكە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە و هەمووان پێكەوە كار دەكەن"، وەزیری ‏دەرەوەی ئەمریكا وای وت.‏

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوپاسی بانگهێشتكردنی بۆ واشنتۆن كرد و ‏خۆشحاڵیی دەربڕی جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە واشنتن. وتیشی "بەدڵنیاییەوە ئێمە هاوبەشی یەكترین و ‏بەشانازییەوە ئێمە دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی ئەمریكاین".‏

مەسروور بارزانی وتیشی "پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندووە. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین و ‏پێزانینیمان دەردەبڕین بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ خەڵكی كوردستان".‏

‏"ئاڵنگاریی نوێ لە ناوچەكەدا هەن و چاوم لەوەیە لە گفتوگۆكانماندا باسی پێشهاتەكانی ناوچەكە و عێراق و ‏بەتایبەتیش باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانمان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا بكەین"، سەرۆكی ‏حكومەتی هەرێم وای وت.‏

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پێرێ بە یاوەریی هەریەك لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بە سەردانێكی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە واشنتنی ‏پایتەختی ئەمریكا. سەردانەكە لە كاتێكدایە كە لە ڕۆژانی ‏ڕابردوودا دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لەبارەی مووچە و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەركرد، بەڵام هشتا ‏حكومەتی هەرێم بە فەرمی هەڵێوستی خۆی لەبارەی بڕیارەكانەوە دەرنەبڕیوە.‏